ئەمەل جەلال سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان: گەشتیارێكی زۆر و بەبازاڕكردنێكی لاوازی بەرهەمی خۆماڵیمان هەیە

ئەمەل جەلال سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان: گەشتیارێكی زۆر و بەبازاڕكردنێكی لاوازی بەرهەمی خۆماڵیمان هەیە


لە براندینگی و بازاڕگەیی لە كەرتی گەشتیاریدا زۆر هەژارین و نەمانتوانیوە كەلەپوورو كەرەستەو بەرووبوومەكانی خۆمان بناسێنین بە دنیای دەرەوە
ئەمەل جەلال سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان لەڕاپۆرتێكی تایبەت بەگوڵان جەختی لەسەر پێویستی هەرێمی كوردستان بۆ بەبازاڕكردنی بەرهەمی خۆماڵی بۆ گەشتیاران كردەوەو پێی وابوو هەرێمی كوردستان گەشتیارێكی زۆری هەیە بەڵام لەبەرنەبوونی بەرهەمی خۆماڵی و لاوازی كاری دەستی و بەبازاڕكردنی بەرهەمی كشتوكاڵی و خۆراكی نەتوانراوە بەتەواوەتی سوود لەو سێكتەرە گرنگە وەربگیرێت.
سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان سەبارەت بە كاروپرۆژەكانی دەستەكە وتی: وەكو دەستەی گەشتوگوزار بۆ هەریەك لە سێكتەرە جیاجیاكانی گەشتوگوزار هاتووین لەگەڵ وەزارەت و لایەنە پەیوەندارەكان بەتایبەتی دەستەی وەبەرهێنان كارمان كردووە، بۆ ئەوەی لەهەرێمی كوردستاندا ژینگەیەكی لەبار و گونجاو دروست بكەین بۆ پێشخستن و پەرەپێدانی سەرجەم ئەم بوارانە، بۆ نموونە لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان كار دەكەین بۆ دامەزراندنی چەندین شوێنی گەشتیاریی و پەرەپێدانیان و دروستكردنی شوێنی حەوانەوەو هۆتێل و كافتریا و شوێنی یاری، هەروەكو چۆن هاتووین لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا كار لەسەر ئەوە دەكەین سوود لەهاتنی خوێندكارانی بیانی وەربگرین ، ئەم حاڵەتە بۆ كەرتی تەندروستیش بەهەمانشێوەیە، بۆ پەرەپێدانی كەرتی گەشتوگوزاریی شوێنەوار و ئاینیش بەهەمان شێوە كوردستان بەسەدان ناوچەی شوێنەواری تێدایە كە بەداخەوە بەپێی پێویست و بەهۆی نەبوونی توانای دارایی وەكو پێویست ئاوڕی لێنەدراوەتەوە، تەنانەت لەرووی كەرتی گەشتوگوزاریی ئاینیش خاوەنی چەندین پەرستگا و شوێنی پیرۆزی ئاینی و كۆڕی پێغەمبەران و تەریعەت و ئاین و ئاینزای پیاو چاكانی تێدایە ئەمە وێڕای گەشتوگوزاری هاوینەو زستانە).
سەبارەت بە بازاڕكردنی بەهەرمی خۆماڵیش بۆ گەشتیاران بۆ ئەوەی لەرێگەی گەشتیارانەوە بەرووبوومی خۆماڵی هەناردەی دەرەوە بكرێت سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار وتی: هەرێمی كوردستان لەبواری براندینگ بۆ گەشتیاران زۆر هەژارین و نەمانتوانیوە كاری دەستی كەلەپورو فەرهەنگ و كەرەستەو بەرووبوومەكانی خۆمان بناسێنین بە دنیای دەرەوە، تەنانەت كاتێك گەشتیاری خۆمان دەیەوێت بچێتە وڵاتانی بیانی و دەیەوێت دیاری لەگەڵ خۆیدا ببات دیارییەكی ئێرانی و چینی و توركی لەگەڵ خۆیاندا دەبەن، چونكە ئەو براندینگانەی كوردستانی نییە. لەدنیای دەرەوە براندەكەت ناسنامەی بیزنسەكەتە، ئێمە داوامان كردووە لەهەموو هۆتێلەكان تەنانەت خۆ ئەگەر بەشێكی بچووكیش بێت بۆ نیشاندانی كەرەستەو كلتوورو مێژووی ئەم وڵاتە و فرۆشتنی بەرهەمی كاری دەستی و بەرووبووم و بەرهەمەكانی كوردستانی تێدا بێت و میوان و گەشتیارانمان دیاری ببەنەوە بۆ هاوڕێ و خانەوادەو كەسوكاریان.

Top