ژمارەیەكی دیكەی ئاوارەی خەڵكی نەینەوا گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان
عەلی عەباس بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کاروباری لقەکانی سەر بە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، لە لێدوانێكدا بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن ڕوونی كردەوە کە ژمارەیەك ئاوارەی نیشتەجێی کەمپی خازر لە باشووری پارێزگای نەینەوا گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان كە كۆی گشتییان (296) ئاوارەیە، ئەو زیاتر گوتی ئەوانە پێشتر لە چەند ناوچەیەكی شاری مووسڵ و هەندێك شارو شارۆچکەی پارێزگای نەینەواوە ئاوارە بووبوون.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئاماژەی بەوەش كردووە کە ئاوارەکان ئارەزوومەندانە گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.
پێشتریش سەرچاوەیەك لە هەمان وەزارەت ڕایگەیاندبوو كە ژمارەی ئاوارەکان لە عێراق لە دوای ساڵی 2014وە ، لە 750 ھەزار کەس بۆ 37 ھەزار کەس کەم بووەتەوە، کە لەو ژمارەیە 30 ھەزاریان لە کەمپەکانی ھەرێمی کوردستان نیشتەجێن و حەوت ھەزارەکەی دیکەیش لە کەمپی فەللوجە لە پارێزگای ئەنبار و کەمپی جدعە لە پارێزگای نەینەوان.
