ئێران ڕەتی دەكاتەوە پەیوەندی هەبێت بەهێرشەكانی سەر هاوپەیمانان لە عێراق
مەجید تەخت ڕەوانچی، نوێنەری هەمیشەیی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە نەتەوە یەكگرتووەكان، رایگەیاند: وڵاتەكەی پەیوەنديی بەو هێرشانەوە نییە، كە دەكرێنە سەر هێزەكانی هاوپەیمانان و ئەمریكا لە عێراق.
ڕەوانچی ئاماژەشی بەوە كرد كە وڵاتەكەی پرۆتستۆی ئەو هێرشە دەكات كە كرایە سەر سنووری عێراق و سوریا و بە نایاسایی و پێشێلكردنی سەروەریی خاكی عێراق و سوریا ناوی برد.
جێگەی باسە بەرپرسانی واشنتۆن چەندین جار ڕایانگەیاندووە كە ئێران و گرووپەكانی سەر بەو وڵاتە لە پشت ئەو هێرشانەوەن كە لە عێراق دەكرێنە سەر بنكە و بارەگا و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان، بە فڕۆكەی درۆن یان بە مووشەك كە زیانێكی زۆری بە هێزو دامەزراوە ئەمریكییەكان لە عێراق گەیاندووە.
لەلای خۆشیەوە حكومەتی كۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر زمانی نوێنەری هەمیشەیی خۆی لە نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێت ئەم تۆمەتانە هەڵبەستراون و دووپاتی دەكاتەوە كە بە هیچ شێوەیەك دەستی لەو هێرشانەدا نییە كە ناوبەناو دەكرێنە سەر هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق.
