سەفین دزەیی بۆ (بی بی سی)ی توركی: پەکەکە سەرچاوەی گرژییە بۆ ناوچە سنورییەكانی هەرێم
سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكیدا بۆ (بی بی سی)ی تورکی رایگەیاند: گرژییەکان لەنێوان پەكەكە و پارتی نییە، بەڵکو لەنێوان پەکەکە و حکومەتی هەرێمی کوردستانة، هاوكات ڕوونی كردەوە كە پەکەکە (30) ساڵە لە ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان هێزەكانی بڵاوە پێ كردووەو بووەتە مایەی گرژی بۆ ئەو ناوچانەی لێیان جێگیر بووە، ئەمە وێڕای زیان گەیاندن بە دانیشتوانی ئەو شوێنانە.
ئەو زیاتر گوتی: هێزی پێشمەرگە لەژێر فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگەدایە، کە سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
جێگەی باسە لە ڕۆژی 5ی حوزەیرانی ئەم ساڵ هێزێکی پێشمەرگەی كوردستان، لەلایەن هێزێکی (پەکەکە)ەوە بۆسەیەکیان بۆ دانراوە، لە ئەنجامدا پێنج پێشمەرگە شەهید بوون و چوار پێشمەرگەی تریش برینداربوون.
ئەو هێزەی پێشمەرگەش بەمەبەستی پاراستنی خەڵک و گوندەکانی ناوچەکە و گەڕاندنەوەی ئاسایش بۆ دەڤەرەکە لەکاتی ئەنجامدانی ئەرکێکی سەربازی کەوتبوونە بۆسەکەوە.
