سبەینێ یەكەم ڕۆژە بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی كوردستان
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، لە سبەینێوە كە دەكاتە ڕۆژی سێ شەممە رێکەوتی٢٢/٦/٢٠٢١ دەست دەكرێت بە وەرگرتنی گەنمی جوتیاران لە سەرجەم سایلۆ کانی هەرێم.
لەم بارەوە نەوزاد کامیل بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێم لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لە لێدوانێكدا ئاماژەی بەوە كرد كە ڕۆژی ٢٠/٦/٢٠٢١ لەلایەن وەزارەتی بازرگانی حکومەتی عێراقەوە ئاگادارکراونەتەوە کە لە هەرێم دەست بە وەرگرتنی گەنمی جوتیاران بکرێت.
ڕوونیشی كردەوە كە بە پێی ئەو پلانەی دانراوە بۆ وەرگرتنی گەنم داوایان لێ کراوە کە سبەی سێ شەممە ڕێکەوتی ٢٢/٦/٢٠٢١ وەک یەکەم ڕۆژی دەستپێکی وەرگرتنی گەنم لە سە رجەم سایلۆ کانی هەرێم رابگەیەنن. هەروەها داواش لە جووتیارانی كوردستان كراوە پابەندی ڕێکارە بن بۆ گەیاندنی گەنمەکانیان بە سایلۆکان.
شایانی باسە هەفتەی ڕابردوو بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێم ڕایگەیاندبوو كە لە کۆبوونەوەی هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم و عێراق بڕیاردراوە کە بۆ ئەم ساڵ بڕی ٣٧٥ هەزار تەن گەنم لە جوتیارانی هەرێم وەربگیرێت.
