هەر خێزانێكی زیان لێ كەوتووی كەمپی شاریا نیو ملیۆن دینار وەردەگرێت

هەر خێزانێكی زیان لێ كەوتووی كەمپی شاریا نیو ملیۆن دینار وەردەگرێت

ئیڤان فایەق وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراقی ڕایگەیاند كە بەنیازن قەرەبووی سەرجەم زیان لێ كەوتووانی کەمپی شاریای پارێزگای دهۆك بكەنەوە، ناوبراو لە لێدوانێكدا ڕوونی كردەوە كە بڕی ٥٠٠ هەزار دیناری عێراقی دەدرێت بە هەر خێزانێك كە ژمارەیان ١٣٦ خێزانه، ئەم پرۆسەیەش بەهەماهەنگی لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان ئەنجام دەردێت دوای ئەوەی بەدواداچوونی پێویست بۆ ئەم بابەتە كراوە.

وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراقی دەشڵێت لەلایەن لیژنەیەکی هاوبەش كە لە هەریەك لە نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق و بەڕێوەبەری بەشی پارێزگاکانی ناوەڕاست و شانەی ئەمنی و بەڕێوەبەری ناحیەی فائدەی سەر بە پارێزگای دهۆك پێكهاتووە، بەهەماهەنگی لەگەڵ کارگێڕیی کەمپەکە ئەم پرۆسەیە ئەنجام دەدرێت.

جێی وەبیر هێنانەوەیە كە سەرەتای ئەم مانگە ئاگرێك  لە کەمپی ئاوارەکانی شنگال لە کۆمەڵگەی شاریا لە قەزای سێمێلی سەر بە پارێزگای دهۆک کەوتەوە، بەهۆیەوە چەند کەسێك برینداربوون، زیاتر لە ٣٠٠ خێوەتیش سووتان.

گوڵان- بەهادین جەلال

 

 

Top