فازل میرانی: خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان بەرانبەر پیلانەكانی دوژمن بەردەوامە
لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی بارەگایەکی نوێی پارتی لە قەزای ئاکرێ، فازل میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، دوژمن و ناحەزانی ئێمە بەردەوام بوون تا کۆسپ بخەنە بەردەم ئەم خەبات و ڕێبازە، بۆمبی لە ڕێگەیدا دەتەقێننەوە و ئەوەی ڕووی دا بەردەوامی كۆسپ و تەگەرانەیە، بەڵام لە بەرامبەر ئەو ھەوڵانەدا خۆڕاگری و سەر بڵندیی خەڵکی کوردستان بەردەوامە بە گشتی و بە تایبەت سەرھەڵدان و خۆنەچەماندنی پارتی. هەروەها گوتی: لەسەرمان پێویستە کوردستان لە خانەقین تا زاخۆ جوان و ڕازاوە بکەین و ئاماژەش بەوە بكەین کە پیلانگێڕی دژی ئەو ئەزموونە بەردەوامە ھەر لە سەرەتای سەرھەڵدانی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستانەوە دوژمن و ناحەزانی ئێمە بەردەوام بوون تا ئەم خەبات و رێبازە کۆسپی لەبەردەم دانێن.
سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان جەختیشی لەوە كردەوە كە خەڵکانێك دەیانەوێت ئێمە نەبین و نەبینە خاوەن کیانی خۆمان، ھاووڵاتی سادە بین و خزمەتکاری ئەم و ئەو بین و چاویان پێمان ھەڵنایە. شایانی باسە ڕۆژی شەممە ھێزێکی پێشمەرگە لەلایەن پەكەكەوە بۆسەیەکیان بۆ دانرایەوەو، لە ئەنجامدا پێنج پێشمەرگە شەھید بوون و حەوت دیكەش برینداربوون.
گوڵان – بەهادین جەلال
