قەدەغەكردنی ئەو كاڵایانەی بە ئاسانی وادەی دروستکردن و بەسەرچوونیان لادەچێت
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامییەكانی وەزارەت بڕیاردرا دەست بەسەرئەو کاڵایانە دا بگیرێت کە بە ئاسانی وادەی دروستکردن و بەسەرچوونیان لادەچێت.
ئەم سەرچاوەیە سەبارەت بەو كاڵایانەی ئەم بڕیارە دەیانگرێتەوە دەڵێت: ھەر کاڵایەک ماوەی بەسەرچوونی لێزەری نەبێت دەستی بەسەردا دەگیرێت، بە هەمان شێوەش ھەر کاڵایەک رێکەوتی بەسەرچوونی بەدەست لاببرێت، دواجاریش ھەر کاڵایەک ماوەی بەسەرچوونی بە لەزگەبێت و لەزگەکەش بە ئاسانی لێ بکرێتەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت.
شایانی باسە، ماوەیەكە بازاڕەكانی كوردستان پڕبوونە لە كاڵای ماوەبەسەرچوو یان لەزگەی ساختەیان پێوەیە كە ڕاستەوخۆ كاریگەریی هەیە بۆ سەر سەلامەتیی گشتیی هاووڵاتیان، بۆیە دەسەڵاتی تەواو بە بەڕێوەبەراتییەکانی چاودێریی بازرگانی دراوە بۆ چاودێریکردنی کاڵاکان و لەناوبردنیان بەپێی ئەو یاسا و رێنماییانەی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستانەوە دەرچوون.
گوڵان – بەهادین جەلال
