5 هەزار دۆنم دارستانی پارێزگای دهۆك سووتاوەو تێكدراوە

5 هەزار دۆنم دارستانی پارێزگای دهۆك سووتاوەو تێكدراوە

لەبەر شەڕی نێوان توركیا و پەكەكە لە سنووری پارێزگای دهۆك رووبەرێكی زۆر دارستان سووتاو لەناوچوونە، لەمبارەوە بەڕێوەبەری دارستان و پاوەن لە پارێزگای دهۆك رایگەیاند تا ئێستاكە پێنج هەزار دۆنم دارستان سووتاوەو بێژماریش دارودرەخت بڕاونەتەوەو لەناوچوونە.
بەڕێوەبەری دارستان و پاوەنی پارێزگای دهۆك رایگەیاند كە یەك ملیۆن و حەوت سەد هەزار دۆنم دارستانی دەستكردو سروشتی لە سنووری پارێزگای دهۆك هەیە كە هەندێك لەو دارو درەختانە تەمەنیان زۆرەو ئەو دارودرەختانە هەندێكیان گرنگی گەورەو تایبەتیان هەیە، بۆیە دەبێت پارێزگاری لەو دارستانانە بكرێت و رێگا لە لەناوچوون و تێكدانیان بگیرێت لەو رووبەرە مەزنەی دارستان لە سنووری دهۆك بەهۆی شەڕی نێوان پەكەكە و سوپای توركیا زیاتر لە 5 هەزار دۆنم دارستان و پاوان تێكدراو سووتاون و رووبەرێكی گەورە دارودرەخت بڕاونەتەوە لەو دارانە داری تەمەن 50 ساڵانی تێداییە كە دەكەونە سنووری كانی ماسی و باتیفا ، سەرەڕای بڕینەوەی ئەو دارە بەتەمەنانە دارستانەكان سووتێنراو تێكدراو بێسەروبەر كراون.
بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی دهۆك ئاماژەی بەوەشدا كە پرۆژەیەك بۆ رووپێوكردنی دارستانەكان لەسنووری پارێزگای دهۆك هەیە و ئەو پرۆژەیە پێش چەند ساڵێك دەستی پێكردبوو و ئەگەر ئێستاكەش پشتیوان و هاوكاری هەبێت ئەوە جارێكی دیكە دەست بە رووپێوكردنەوەی دارستانەكان دەكەنەوە بۆ ئەوەی بزانن چەند رووبەری دارستان لەسنووری دهۆك هەیە.
هاوكات بەڕێوەبەری داراستان و پاوان لە پارێزگای دهۆك ئاماژەی بەوەدا كە لە پارێزگای دهۆك نەمامگە دروستكراون تاوەكو رووبەری سەوزای زیاتر بێت بۆ پارستنی ژینگەی سنوورو ناوچەكە.

Top