بەهۆی كەمبارانبارین ئاستی ئاوی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان زۆر دابەزیوە
بەرێزئەکرەم ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان، بە گوڵانی راگەیاند، ئەمساڵ ئاستی ئاوی بەنداوەکان بە رێژەیەکی زۆر کەمبووەتەوە و بەنداوی دەربەندیخان 12.5 مەتر بەراورد بە ساڵی رابردوو ئاستی ئاوەکەی دابەزیوە، بەنداوی دووکانیش ئاستی ئاوەكەی هەشت مەتر دابەزیوە، هۆکاری سەرەكی كەمبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوەكانیشی گەراندەوە بۆ کەمیی بارانبارین، هاوكات وڵاتانی دراوسیش بەپاساوی كەمبارنبارینەوە ئاوی رووبارو زێیەكانیان لەسەر هەرێمی كوردستان گرتۆتەوە بەتایبەتی ئێران ئاوی رووباری سیروانی وشککردووە.
هەروەها بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشدا بۆ چارەسەری ئەو گرفت و كێشانە پلانی دانوستاندن و گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ هەیە بۆ ئەو مەبەستە بڕیارە وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق 13ی حوزەیران سەردانی تاران بکات و بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخانیش بەشداریی کۆبوونەوەکانیان بكات، چونکە خراپترین دۆخی کەمئاوی لە رووباری سیروان و بەنداوی دەربەندیخانە، دەیانەوێت ئێران لە ئێش و ئازاری ئەو خەڵکەی هەرێمی كوردستان و عیراق ئاگاداربکەنەوە كە لەو ناوچانە كاری كشتوكاڵی لەسەر ئەو سەرچاوە ئاویانە دەكەن .
بە پێی ئاماژەكانی ئەکرەم ئەحمەد بەرێوەبەری گشتی بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان وشكەساڵی تەنیا بە ئاوی بەنداوەكان چارەسەر نابێت، بەڵام ئاستی ئاوی بەنداوەکانی هەرێم زۆر خراپە بۆیە ئەمساڵ کەمئاوی کاریگەریی زۆری لەسەر هاونیشتمانیان دەبێت، بەتایبەت ئەوانەی لەسەر رووبارەکان كاری كشتوكاڵی دەكەن هاوكات ئاوی بیرەکانیش زۆرتر دادەبەزێت، هەر لەبەر كەمی ئاوی بەنداو و رووبارو بیرەكان ئەمساڵ هاوڵاتیانی ئەو زەوییە کشتوکاڵییانەی دەوروبەری رووبارەکان لە هەرێمی کوردستان و ناوەڕاستی عێراقیش پێیان راگەیاندراوە کە زەوییەكانیان دانەچێنن و كاری کشتوکاڵ نەکەن.
شایانی باسە کەمبوونەوە و دابەزینی ئاستی ئاو لەزێی سیروان ئەوە کەمئاوی لە هەڵەبجەوە تاوەکو دەربەندیخان دروست دەكات و لەوێیشەوە بۆ سنووری دیالە. لەلایەكی دیكەوە نزیکەی 200 هەزار دۆنم زەویی کشتوکاڵی لەو ناوچانە پشت بە ئاوی سیروان دەبەستن و بەنداوی دەربەندیخانیش بە رێژەی 75% ئاوی خۆی لە رووباری سیروان وەردەگرێت.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سەرچاوەكانی ئاو لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی هەرێمی كوردستان ئەوە تاوەكو ناوەڕاستی كانوونی یەكەمی ساڵی 2020، (49 هەزار و 585) بیری ئاو بۆ مەبەستی ئاویخواردنەوەو كشتوكاڵی و پیشەسازی لە هەرێمی كورستان هەڵكەندراون. هەروەها لەو ژمارەیەش (23 هەزار و 625) یان مۆڵەتیان هەیە، بەڵام (25 هەزار و 960) بیریان بە زێدەڕۆ هەڵكەندراون، كە زۆرترینیان لە سنووری پارێزگای سلێمانیدان..
