حکومەتی هەرێم بۆردێکى باڵا بۆ رووبەڕوبوونەوەى وشکەساڵى پێکدەهێنێت
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، وشکەساڵی و قەیرانی ئاو مەترسییەکی گەورەیە؛ ئەگەر بە وریایی و خەمخۆرییەوە کاری لەسەر نەکەین.
رۆژى چوارشەممە رێكهوتى 26/5/2021 ، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەبارەی هەوڵەکانی حکومەت بۆ رووبەڕوبوونەوەی وشکەساڵی، لە فەیسبوکی خۆی رایگەیاند، ئەمڕۆ دووهەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانیان تایبەت بە پرسی وشکەساڵی و چۆنیەتی رووبەڕوبوونەوەی ئەنجامداوە، بۆردێکی باڵامان بۆ رووبەڕوبوونەوەی ئەو پرسە پێکهێناوە
جێگری سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەش کردووە، لەئێستادا سەرقاڵی دانانی پلانێکی تۆکمەن بۆ پاراستنی سامانی ئاو و دابینکردنی ئاوی پاکی خواردنەوە بۆ هاووڵاتیان.
ئەمساڵ بەپێی ئامارەکانى بەرێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانى هەرێم رێژەیەکى زۆر کەم باران باریوە کە بووەتە هۆى دابەزینى سەرچاوە ئاوییەکانى هەرێم، بەوەش حکومەتی هەرێم وشکەساڵی راگەیاند.
