وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ پەرلەمان لەسەر بودجە ناكۆكن
وەزارەتی نەوتی عێراق داوای لە ئەنجومەنی وەزیران كردووە تانە لەیاسای بودجەی 2021 ی عێراق بدات لەدادگای فیدراڵی ، ئەمەش بەهۆی ئەوە گۆڕانكارییەی كە لەبڕگەی مافەكانی پێدانی پارە بەكۆمپانیا نەوتییەكان كە بە 11.7 ملیار دۆلار مەزەندە دەكرێت گۆڕانكاریی تێدا كراوە و كەمكراوەتەوە بۆ 6.9 ملیار دۆلار ، وەزارەتی نەوتی عێراق دڵنیایە لەوەی گەورە كۆمپانیا بیانییەكانی بواری نەوت لەم بڕیارە ناڕازی دەبن و زیانی گەورەیان بەردەكەوێت، بۆیە مەترسی ناڕازایبوونی گەورە كۆمپانیا نەوتییەكانی لێدەكەوێتەوە بەتایبەتی گەورە كۆمپانیاكانی شیل و ئیكسۆن مۆبیل كە تا ئێستا حكومەتی عێراق قەرزاری ئەو كۆمپانیانەیە و نەیتوانیوە حەقدەسەكانیان بەتەواوەتی بداتێ.
ناكۆكییەكانی نێوان وەزارەتی نەوت و ئەندام پەرلەمانەكانی عێراق لەسەر گرێبەستەكانی نەوتە و زۆربەی جار بەرژەوەندی و مەرامی سیاسی تێدەكەوێت و پەرلەمانتارەكان پێیان وایە ئەو گرێبەستانە بەدەیان ملیۆن دۆلار زیانیان بەعێراق گەیاندووەو وەزارەتی نەوت و حكومەتی عێراقیش پێیان وایە بەپێچەوانەوە گرێبەستە نەوتییەكان و ئیمتیازاتەكانی گەورە كۆمپانیاكان جگە لەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق بەرزكردۆتەوە هاوكات چەندنی كێڵگە نەوتی نوێ دۆزراوەتەوەو چەندین كێڵگەی دیكەی لەووشكبوون پاراستووە . بەمەش ململانێ سیاسی و حزبیەكان و تەنانەت دەستێوەردانە دەرەكییەكان تێكەڵ بەدۆسێی نەوتی عێراق بووە، لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنەكان ئەم ململانێیانە زیانی گەورە بەكەرتی نەوتی عێراق دەگەیەنێت
