سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانى كوردستان بەتوندی ئیدانەی پەلاماردانی سەنگەرەکانی هێزى پێشمەرگە دەکات

سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانى كوردستان بەتوندی ئیدانەی پەلاماردانی سەنگەرەکانی هێزى پێشمەرگە دەکات
شەوی رابردوو جارێکی دیکە تاریکپەرستانی داعش لەمیحوەری پردێ هێرشیان کردە سەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بەداخێکی زۆرەوە ژمارەیەک پێشمەرگە شەهیدو برینداربوون و ‌هێزی پێشمەرگەی کوردستانیش وەک هەمیشە ئازایەتی و قوربانیدانی خۆی دووپاتکردەوە بۆ پاراستنی خەڵک و خاکی کوردستان لەهەر جۆرە دەستدرێژی و هێرشێک.
دووبارەبوونەوەی ئەوجۆرە هێرشانە، دووپاتکەرەوەی ئەو راستییەیە کەهەرچی زووترە هەولێرو بەغدا لەسەر ئیدارەدانی ناوچە کوردستانییەکان رێکبکەون و چارەنووسی ناوچە کوردستانییەکان بەپێێ ماددەی 140ی دەستوور یەکلایی بکرێتەوە، هەروەک پێویستیی مانەوەی هێزی هاوپەیمانان له‌هەرێمی کوردستان و عێراق و هاوکاریکردن و راهێنانی هێزی پێشمەرگە دووپات بووەوە بۆ کۆتاییهێنانی یەکجارەکی بەهەڕەشەی تیرۆریستان و رێگەگرتن لەسەرهەڵدانەوەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش و هاوبیرەکانیان کەهەمیشە هەڕەشەن بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق و هەموو جیهان.
به‌ناوى په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه‌ به‌توندی ئیدانه‌ی پەلاماردانی سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەى کوردستان لەلایەن دەستە چەپەڵەکانی داعشەوە له‌پردێ دەکەین و پرسەو سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەى کەسوکارى ئەو شەهیدانەمان دەکەین کەخۆیان کردە قوربانیی پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین.
سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانى كوردستان
1ى ئایارى 2021










Top