لە سۆران كۆنفرانسێكی گەشتیاری بە بەشداربوونی وەبەرهێنەرانی ناوخۆو دەرەوە دەبەسترێت هەڵگورد شێخ نەجیب قائمقامی سۆران بە گوڵانی راگەیاند:
سۆران ماستەرپلانێكی گەشتیاری هەیە كە چەندین شوێنی جوان و گرنگ و دڵرفێنی گەشتیاری لەخۆدەگرێت، هەروەها ئێمەش بەچەندین كارو پرۆژەی دیكە ئەو ماستەرپلانەمان دەوڵەمەند كردوە، هاوكات دراسەی ئەوەشكراوە كە شوێنی زۆر جوان و گرنگی دیكەی گەشتیاری لەو دەڤەرە هەیە كە بۆ گەشتوگوزار دەتوانرێت بخرێتەڕوو و بە گەشتیاران بناسرێت كە لە ئێستادا لەبەر بارودۆخی ناسەقامگیری ئەمنی ناتوانرێت كاریان تێدا بكرێت، بەڵام لەداهاتوودا ئەگەر ئەو بارودۆخەی ئێستا هەیە نەمێنێت ئەو شوێنانە بەتایبەتی شوێنە سنووریەكان لەبەرنامەماندایە كارو پرۆژەی گەشتیاریان بۆ بكەین، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی لە سنووری سۆران بەپێی پێویست سوود لە بواری گەشتیاری وەرنەگیراوە و بۆ بەرەوپێشەوەچوونی ئەو كەرتەش ئێمە زیاتر پشت بە وەبەرهێنەر دەبەستین بۆیە كار بۆ ئەو مەبەستە دەكەین كە قەناعات لەلایان وەبەرهێنەران دروست بكەین كە بێن لەو دەڤەرە پرۆژەی گەشتیاری ئەنجامبدەن و بۆ ئەو مەبەستەش لەكۆبوونەوەیكدا لەگەڵ سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان دكتۆر محەمەد شوكری تاوتوێی ئەو بوارەمانكرد تاوەكو بتوانین ئاسانكاری بۆ وەبەرهینەر بكەین بۆ ئەوەی بتوانن پرۆژەی وەبەرهێنان لە كەرتی گەشتیاری لە سۆران لەبواری گەشتوگوزار ئەنجام بدەن، هەروەها بۆ ئەوەی بتوانین ئەو كەرتە برەوی پێ بدەین بڕیارە كۆنفرانسێكی وەبەرهێنان لەسۆران ببەسترێت و وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و دەرەوە بانگ بكەین تێدا بەشداربن و كاری ئێمە ئەوەیە جگە لە ئاسانكاری ئەوە باوەڕ بە وەبەرهێنەران بێنین كە پرۆژەی وەبەرهێنانی گەشتیاری لەسۆران سەركەوتوو دەبێت و قازنجی زۆری تێدایە بۆ كۆنفرانسەكەش ئامادەسازی تەواو ئەنجامدراوە و داتاو زانیاری زۆرو باشمان ئامادەییە كە لە كۆنفرانسەكە بیخەینە بەردیدی وەبەرهێنەران تاوەكو متمانە بەدەستبێنن كە پرۆژەی وەبەرهێنان لە سۆران سەركەوتوو دەبێت، هاوكات ئێستاكە چەند پرۆژەیەكی گەشتیاری گرنگ لەبەردەستدایە جێبەجێ بكرێت بەتایبەتی لە حەسەن بەگ و گەلی عەلی بەگ و تەواوی دەڤەرەكە كە هەوڵدەدین ئەو كارو پرۆژانە بكەینە نموونە بۆ وەبەرهێنەرەكانی دیكە تاوەكو ئەوانیش روو لەو ناوچەیە بكەن بۆ ئەنجامدانی پرۆژەی وەبەرهێنان، هەروەها پێویستە هەموو لایەك بزانین كە خواستێكی زۆری گەشتیاری لەسەر سۆران هەیە بەهۆی ئەو هەموو شوێن و ناوچە جوان و گەشتیاریانەی هەیەتی كە80% شوێنە گەشتیارییەكانی هەولێر لەو ناوچەیەدایە.
ئامادەكردنی/ گوڵان: سالح عومەر
