سەرۆک بارزانی و ژمارەیەک فەرماندەی ئەمریکی گفتوگۆ لەبارەی نوای ئارام دەکەن

سەرۆک بارزانی و ژمارەیەک فەرماندەی ئەمریکی گفتوگۆ لەبارەی نوای ئارام دەکەن
سەرۆك بارزانی بەشداریی ئیڤێنتێکی تایبەت بە پاراستنی هەرێمی کوردستان و دروستکردنی نوای ئارام، دەکات.

لە ئیڤێنتەکەدا، کە ئەمڕۆ چوارشەممە 28-4-2021 بەشێوەی ئۆنڵاین بەڕێوە دەچێت، سەرۆک مەسعود بارزانی و ژمارەیەک فەرژماندەی باڵای ئەمریکی گفوتگۆ لەبارەی دروستکردنی نوای ئارام بۆ هەرێمی کوردستان، دەکەن.

بەشدارانی ئیڤێنتەکە:

- سەرۆک بارزانی

- هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان

- بەیان سامی عەبدولڕەحمان، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا

- جەیمس بەیکەر، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا (1989-1992)

- برێت مەکگۆرک، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

- جەیمس جۆنس، فەرماندەی خانەنشینی سوپای ئەمریکا

- جەی گارنەر، فەرماندەی خانەنشینی سوپای ئەمریکا

- جۆن ئەبیزەید، فەرماندەی خانەنشینی سوپای ئەمریکا

رۆژی 5-4-1991، دوای نزیکەی مانگێک لە راپەڕینی گەلی کوردستان لە دژی رژێمی بەعس، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاری ژمارە 688ـی پەسەند کرد.

بەپێی بڕیاری ژمارە 688، وڵاتانی فەرەنسا، ئەمریکا و بەریتانیا هێڵی 36یان لە سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق دیاری کرد، کە بە نوای ئارام بۆ هەرێمی کوردستان ناسرا و بەهۆیەوە رژێمی بەعس نەیتوانی چیتر لەو هێڵە بپەڕێتەوە و هێرش بکاتە سەر گەلی کوردستان.

بڕیارەکە لەکاتێکدا درا، کە فەرەنسا سەرۆکایەتیی خولی ئەوکاتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکرد.

چوار وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (فەرەنسا، ئەمریکا، یەکێتیی سۆڤیەت-رووسیای ئێستا- و بەریتانیا) و وڵاتانی ئەندامی ناهەمیشەیی ئەوکاتی ئەنجوومەنەکە (نەمسا، بەلجیکا، ساحلولعاج، ئیکوادۆر رۆمانیا و زائیر-کۆنگۆی دیموکراتیی ئێستا-) بە بەڵێ دەنگیان بە بڕیارەکە دا و وڵاتانی یەمەن، زیمبابۆی و کوبا دژی بڕیارەکە دەنگیان دا و وڵاتانی هیندستان و چینیش دەنگیان نەدا.





Top