لە دەربەندیخان چەند ڕاوچییەک بە تەقە ڕووبەڕووی پۆلیسی دارستان و ئاسایش بوونەوە
ئەمڕۆ سێشەممە 27ی 4ی2021، هێمن كەمەرخان، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی، ڕايگەیاند: "چەند ڕاوچییەك كە لە قەراخی بەنداوی دەربەندیخان سەرقاڵی ڕاوەماسی بوون کە پاش گەیشتنی مەفرەزەکانی پۆلیسی دارستان دەستڕێژی گوللەیان لە مەفرەزەكانی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی کردووە".
ئاماژەی بەوەش کرد: "پاشان بە هاوكاریی هێزەكانی ئاسایشی دەربەندیخان و پۆلیسی ناوخۆ پاش ڕووبەڕووبوونەوەیەكی زۆر ڕاوچییەكان هەڵاتوون، هاوكات لە قەراخی بەنداوەکە دەست بەسەر دوو ئۆتۆمبێل و١١ تۆڕی راوەماسی و یەک بەلەم و چەند ماسییەكی زیندوودا گیراوە".
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی، گوتیشی: "تا ئێستا ئەو ڕاوچییانە نەگیراون و گەڕان بەدوایاندا بەردەوامە".
هێمن کەمەرخان ئەوەشی خستە ڕوو: "پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ دۆسیەكە كراوەتەوە و بۆ وەرگرتنی ڕێكاری یاسایی، ڕادەستی دادوەر كراوە".
باسنيوز
