ئەندامێکی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگا: بە گەڕانەوەی پێشمەرگە شکۆ بۆ کەرکووک دەگەڕێتەوە

ئەندامێکی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگا: بە گەڕانەوەی پێشمەرگە شکۆ بۆ کەرکووک دەگەڕێتەوە
ئەندامێکی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رایدەگەیەنێت، بەگەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، شکۆ بۆ کەرکووک دەگەڕێتەوە.

جوان حەسەن، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ڕاگەیاند: دوای خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، بۆشاییەکی ئەمنی فراوان لەناو شاری کەرکووک دروست بووە و چەکدارانی داعش دەستیان بە جموجۆڵ و کردەی تیرۆریستی کردووەتەوە.

لە رۆژی 8-10-2019، پەرلەمانی عێراق بە گوشاری خۆپیشاندەران، بڕیاری سڕکردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی لە کەرکووک و هەموو شارەکانی عێراق، دا.

جوان حەسەن پێی وایە ئەگەر پاراستنی ئاسایشی ناو شاری کەرکووک نەدرێتە ھێزەکانی کەرکووک و هێزەکانی پێشمەرگەش نەگەڕێنەوە شارەکە بۆ پاراستنی دەرەوەی کەرکووک، داعش مەترسیی زیاتر لەسەر ئەو شارە دروست دەکات.

بە گوتەی ئەو ئەندامەی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، چەکدارەکانی داعش خۆیان ڕێک خستووەتەوە و ژمارەیان لەناو کەرکووک زیادی کردووە، ”لەناو کەرکووک شانەی نووستوویان هەیە و لە دەرەوەش بە ئاشکرا کردەی تیرۆریستی دەکەن“.

جوان حەسەن ئاماژەی بەوەش کرد، لە دوای خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە ھاووڵاتییانی كورد لە كەركووك لە هەموو ڕوویەكەوە بە ناخۆشترین قۆناغەكانی ژیانیان تێدەپەڕن، چونکە ”بارودۆخی ئەمنیی کەرکووک باش نییە“ و تەنیا بەگەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە، ”شکۆ بۆ کەرکووک و کەرکووکییەکان دەگەڕێتەوە“.




باسنیوز
Top