سەرۆک مەسعود بارزانی بەشداری ئیڤێنتێکی تایبەت بە دروستکردنی نوای ئارام بۆ هەرێمی کوردستان، دەکات.
بەیان سامی عەبدولڕەحمان، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن، رایگەیاندووە: رۆژی چوارشەممە 28-4-2021 (سبەی)، سەرۆک مەسعود بارزانی بەشداری ئیڤێنتێکی تایبەت بە دروستکردنی نوای ئارام بۆ هەرێمی کوردستان، دەکات.
ئیڤێنتەکە کاتژمێر 5ی ئێوارە بە کاتی هەولێر لەرێگەی ئۆنڵاینەوە بەڕێوە دەچێت و جگە لە سەرۆک بارزانی، هەریەکە لە جەیمس بیکەر، هۆشیار زێباری، جۆن ئەبیزەید و برێت مەکگۆرک بەشداریی تێدا دەکەن.
رۆژی 5-4-1991، دوای نزیکەی مانگێک لە راپەڕینی گەلی کوردستان لە دژی رژێمی بەعس، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاری ژمارە 688ـی پەسەند کرد.
بەپێی بڕیاری ژمارە 688، وڵاتانی فەرەنسا، ئەمریکا و بەریتانیا هێڵی 36یان لە سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق دیاری کرد، کە بە نوای ئارام بۆ هەرێمی کوردستان ناسرا و بەهۆیەوە رژێمی بەعس نەیتوانی چیتر لەو هێڵە بپەڕێتەوە و هێرش بکاتە سەر گەلی کوردستان.
بڕیارەکە لەکاتێکدا درا، کە فەرەنسا سەرۆکایەتیی خولی ئەوکاتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکرد.
چوار وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (فەرەنسا، ئەمریکا، یەکێتیی سۆڤیەت-رووسیای ئێستا- و بەریتانیا) و وڵاتانی ئەندامی ناهەمیشەیی ئەوکاتی ئەنجوومەنەکە (نەمسا، بەلجیکا، ساحلولعاج، ئیکوادۆر رۆمانیا و زائیر-کۆنگۆی دیموکراتیی ئێستا-) بە بەڵێ دەنگیان بە بڕیارەکە دا و وڵاتانی یەمەن، زیمبابۆی و کوبا دژی بڕیارەکە دەنگیان دا و وڵاتانی هیندستان و چینیش دەنگیان نەدا.
باسنيوز
