پارێزگاری دهۆک ڕوونکردنەوە لەبارەی ڕووداوەکەی کۆمەڵگەی چڕە دەدات

پارێزگاری دهۆک ڕوونکردنەوە لەبارەی ڕووداوەکەی کۆمەڵگەی چڕە دەدات
شەوی ڕابردوو لە کۆمەڵگەی چڕەی سەر بە قەزای شێخان، شەڕ لە نێوان دوو بنەماڵەدا رووی دا و بەهۆی دەستڕێژی گوللەوە ئافرەتێک بووە قوربانی و پارێزگاری دهۆک لەمبارەوە لە پرێس کۆنفرانسێکدا زانیاریی خستە ڕوو.

ئەمڕۆ یەکشەممە 25/4/2021، پارێزگاری دهۆک لە سەردانێکیدا بۆ قەزای شێخان، بەمەبەستی راگەیاندنی چەند پرۆژەیەک بۆ ناوچەکە، هاوکات لەبارەی کێشە و رووداوەکەی شەوی ڕابردووی کۆمەڵگەی چڕە بۆ میدیاکان روونکردنەوەی دا.

عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەواناندا سەبارەت بە رووداوەکەی چڕە، گوتی: "ئەو کێشەیە لە نێوان ئەو دوو بنەماڵە و لەسەر زەویوزار بووە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەندین جار هەوڵی داوە کێشەکەیان بە ئاشتی بۆ چارەسەر بکات".

گوتیشی: "چەندین جار وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و من و قایمقام و کەسایەتییە دیارەکانی ناوچەکە لەگەڵ هەردوو لایان کۆ بووینەتەوە، بۆ ئەوەی کێشەکەیان بە ئاشتی چارەسەر بکەین، بەڵام بەداخەوە هەردوولا کەمتەرخەم بوون و یەکێک لە لایەکانی کێشەکە رازی نەدەبوو".

پارێزگاری دهۆک گوتیشی: "شەوی رابردوو، دوای شەڕ و تەقەی نێوانیان، پۆلیس گەیشتووەتە شوێنی ڕووداوەکە و هەموو رێوشوێنێکی یاسایی گرتووەتە بەر و ژمارەیەک کەسیشی دەستبەسەر کردوون، کە پەیوەندییان بە رووداوەکەوە هەیە".

عەلی تەتەر ڕاشی گەیاند: "دەگوترێ لە شەڕەکەدا چەکی قورس بەکار هێنراوە، پۆلیس دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە، ئەگەر دەربکەوێ چەکی قورس بەکار هاتبێت، ئەوا سزاکەیان قورستر دەبێ و دادگا سزای هەر کەسێک دەدا لە رووداوەکەدا تۆمەتبار بێت".














باسنيوز


Top