لە سنووری مەریوان پێنج کۆڵبەری دیکە بریندار بوون

لە سنووری مەریوان پێنج کۆڵبەری دیکە بریندار بوون
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە پێنج کۆڵبەر لە یەکێک لە سنوورەکانی مەریوان بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار بوون و بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی ئەو شارە گوازراونەتەوە.

بەپێی هەواڵی ڕێکخراوی (هەنگاو) بۆ مافەکانی مرۆڤ، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٥ی٤ی٢٠٢١ هێزەکانی سەر سنووری قوڵقوڵە لە شاری مەریوان، تەقەیان لە کاروانێکی کۆڵبەران کردووە و لانیکەم پێنج کۆڵبەر بریندار کراون.

ناو و ناسنامەی ئەو پێنج کۆڵبەرە بریتییە لە: "کاروان مەنووچێهری، زانیار حاتەم پەناه، سەلاح وەتەندۆست، سۆران وەتەندۆست و ئارام مەنووچێهری" کە خەڵکی شاری مەریوان و گوندی میراوای ئەم شارەن.

بەپێی هەمان سەرچاوە ئەم کۆڵبەرانە دوای ئەوەی کەوتوونەتە بۆسەی هیزەکانی سەر سنوور بریندار بوون و تا ئێستا چارەنووسی لانیکەم ٣٠ کۆڵبەری دیکەی کاروانەکە نادیارە.

ئەم پێنج کۆڵبەرە بۆ نەخۆشخانەی "بووعەلی"ی مەریوان گوازراونەتەوە.









باسنيوز
Top