لێژنەی بەرگریی پەرلەمان: کازمی داوای کۆبوونەوەیەکی فەرماندەکانی سوپا و پێشمەرگە دەکات

لێژنەی بەرگریی پەرلەمان: کازمی داوای کۆبوونەوەیەکی فەرماندەکانی سوپا و پێشمەرگە دەکات
ئەندامێکی لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق داوای کۆبوونەوەیەکی فەرماندەکانی سوپا و پێشمەرگەی کردووە.

بەدر زیادی، ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، رایگەیاندوە: رووداوە ئەمنییەکانی ئەم دواییە مەترسیدارن، چونکە بۆ هەڵدانی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان پەرەیان سەندووە.

بەدر زیادی هەروەها رایگەیاندووە: مستەفا کازمیی سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق داوای کۆبوونەوەیەکی سیاسیی فراوانی لە بەغدا بە بەشداریی هەموو سەرکردە سیاسییە باڵاکانی عێراقی کردووە.

دوای ئەو کۆبوونەوەیە، هەروەک ئەو پەرلەمانتارەی عێراق رایگەیاندووە، مستەفا کازمی داوای کۆبوونەوەیەکی فەرماندە سەربازی و ئەمنییەکانی بە بەشداریی فەرماندەکانی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، کردووە.

بە گوتەی بەدر زیادی، ئامانج لە کۆبوونەوە سەربازی و ئەمنییەکە دانانی پلانی نوێیە بۆ پاراستنی سەقامگیریی عێراق.



باسنيوز
Top