لە یەک ساڵدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ١١ ڕۆژنامەنووس دەستگیر کراون

لە یەک ساڵدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ١١ ڕۆژنامەنووس دەستگیر کراون
بەپێی ئاماری ناوەندێکی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە یەک ساڵی ڕابردوودا ١١ ڕۆژنامەنووسی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر و دادگایی کراون.

بە پشتبەستن بە ئاماری ڕێکخراوی (هەنگاو) بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە یەک ساڵی ڕابردوودا لانیکەم ١١ ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی میدیایی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون، هەروەها دەیان کەسیش بۆ ناوەندە ئەمنییەکان بانگ کراون و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە.

بەپێی هەمان سەرچاوە هاوکات ٩ ڕۆژنامەنووسی کورد لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە سەرجەم سزای ١٠ ساڵ و ٣ مانگ و ١ ڕۆژ بەندکران و ٩ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراویان بەسەردا سەپاوە.

ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هیچ ڕۆژنامە و هەفتەنامەیەکی سەربەخۆ و بێلایەن چاپ و بڵاو ناکرێتەوە و چەندین گۆڤاری ئەدەبیی بێلایەن هەبوون کە هەموویان بەهۆی نەبوونی پشتیوانیی دارایی و خراپی ڕەوشی ئابوورییەوە ڕاگیراون و چاپ ناکرێن.

بەپێی زانیاریی میدیا خۆجێیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەنیا لە پارێزگای سنە زیاتر لە ٣٠ ڕۆژنامە و هەفتەنامە و گۆڤار لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا داخراون، یان مۆڵەتیان لێ وەرگیراوەتەوە.













باسنيوز




Top