رێوشوێنەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاڵوگۆڕی دینار بەرامبەر دۆلار دەخرێنە ڕوو

رێوشوێنەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاڵوگۆڕی دینار بەرامبەر دۆلار دەخرێنە ڕوو
راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق، رێکارەکانی کۆنتڕۆڵکردنی ئاڵوگۆڕێ دراو لە لایەن بانکی ناوەندییەوە خستەڕ وو، سەرۆكی هاوبەندیی بانكە ئەهلییەكانی عێراق لە هەرێمی كوردستانیش رای گەیاند بۆ ئەوەی نرخی دۆلار زیاتر بەرز نەبێتەوە، دەبێت بانكی ناوەندی دۆلار زیاتر بخاتە بازاڕه‌وه.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 22/4/2021، مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند:" بانکی ناوەندی بۆ کڕین و فرۆشتنی دراوی بیانی، ئامرازێکە بۆ سەقامگیری ئاڵوگۆڕی دراو و جێگیرکردنی لە مامەڵەکانی رۆژانە، کە بڕەپارەیەکی کاش دەخاتە بازاڕ و مامەڵەی پێوە دەکرێت.

گوتیشی "ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی لە بازاڕەکان پەیوەستە بە مامەڵەکردنی دینار بەرامبەر دراوەکانی دیکە، ئەوەش لە دەسەڵاتی بانکی ناوەندی دایە، چونکە هەر خۆشی دەسەڵاتی نەختینەیی هەیە و بەرپرسە لە چاپکردنی دینار، بۆیە لە ئەستۆی خۆیەتی پارێزگاری لە دراوەکەی بکات".

راوێژكارەکەی كازمی، ئاشکراشی کرد "لە ئەستۆی بانکی ناوەندییە بە ئەرکی خۆی هەستێت و کۆنتڕۆڵی ئاڵوگۆڕی نەختینەی دینار بەرامبەر دراوەکانی دیکە بکات، هەروەها رێگری بکات لە دەرچوونی ئەو کاشە و بەهاکەی لە بازاڕدا سەقامگیر بێت".

پاش ئەوەی بانکی ناوەندی بڕیاری دا بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دابەزێنێ، ناسەقامگیری لە نرخی دیناردا هەیە و بووه‌تە هۆی تێکچوونی هاوسەنگی نرخ لە کاڵاکان.

شێروان ئەنوەر مستەفا، سەرۆكی هاوبەندیی بانكە ئەهلییەكانی عێراق لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند: "بۆ ئەوەی نرخی دۆلار زیاتر بەرز نەبێتەوە، دەبێت بانكی ناوەندی دۆلار زیاتر بخاتە بازاڕه‌وه‌، هەروەها دەبێت هاوردەكردنی كەلوپەل و كاڵاش كەم بكرێتەوە، چونكە لەو رێگەیەوە دۆلاری زۆر دەڕواتە دەرەوە".

ئاماژەی بەوەشدا، بانكەكان دەیانەوێت نرخەكە بە جۆرێك بێت ئەوانیش قازانج بكەن، بەڵام دۆخەكە بەجۆرێكە هاوسەنگی تێكچووە و دۆلاریش بەرزە، "دەبێت رێگری بكرێت لە بردنەدەرەوەی دۆلار، كە ئەوە وای كردووە نرخی دۆلار بەرزتر بێت لەو نرخەی بۆی دیاری كراوە، پێویستە بانكی ناوەندی سیاسەتێكی روونتر پەیڕەو بكات.












باسنیوز


Top