سەرکردەیەکی پێشووی یەکێتی: نابێ پەرلەمانتارە کوردەكانی بەغدا دژی میللەتی خۆیان بجووڵێنەوە
محەمەد وەتمان، ئەندامی پێشووی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند: "سەرکردە تێکۆشەرەکانی یەکێتی، ئەگەر خەبات و تێکۆشانیان بۆ گەلی کورد کردبێت، نابێت نیگەران بن لەوەی دوور خرانەتەوە، یان فەرامۆش کراون، خودی خۆم لەناو یەکێتیدا، لەپێناو کورد و کوردستان خەباتم کردووە، بەڵام ئەگەر گلەییم لە یەکێتی ھەبێت، ئەو گلەییانەم لای خۆم ھێشتووەتەوە، بۆیە ھەقە ئەو کەسانەی پێشتر لەناو یەکێتی تێکۆشاون، بەپێی خەباتەکەی خۆیان ڕێزیان لێ بگیرێت".
گوتیشی: "ڕاستە سەرکردایەتیی یەکێتی گۆڕاوە، بەڵام من ھیچ شتێکم لەسەر سەرکردایەتیی نوێی یەکێتی نییە، چونکە پێشتر ئەو حزبە پێویستی بە کەسانی سەربازی و شۆڕشگێڕ بووە، بەڵام ئێستا ڕەنگە کەسانی سیاسیی گەنجیان بووێت، بۆیە ھیوادارم سەرکردایەتیی نوێی یەکێتی بتوانێت خزمەتی خەڵکی کوردستان و ڕێبازی مام جەلال بکات، چونکە مام جەلال ھەمیشە لەگەڵ یەکڕیزیی حزبەکاندا بووە و لە کاتی گرژییەکاندا نێوانی لایەنە سیاسییەکانی ئاسایی دەکردەوە".
دەشڵێت: "بێ گومان ئەگەر مام جەلال لە ژیاندا بمایە، پەیوەندیی یەکێتی و پارتی بەھێزتر دەبوو، بەداخەوە كۆچی دوایی مام جەلال، زیانی گەورەی بە گەلی کورد گەیاندووە و بێگومان پیاوانی گەورەی تریشمان لەدەست بچێت زیانی زیاتر دەكەین".
محەمەد وەتمان، ئەندامی پێشووی سەرکردایەتیی یەکێتی ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەو پەرلەمانتارانەی لە بەغدا نوێنەرایەتیی کورد دەکەن، ھەڵەیەکی گەورە دەکەن، کە دژی گەلی کورد قسە دەکەن، چونکە ئەوان بە دەنگی خەڵک بوونەتە پەرلەمانتار، ئەگەر دەنگی خەڵک نەبوایە، ئەوان پەرلەمانیان نەدەبینی، بۆیە باشترە ئەو پەرلەمانتارانە لە بەغدا بەڕاستی نوێنەرایەتیی گەلی کورد بکەن".
باسنیوز
