له مەریوان دوو ئەندامی سوپای پاسداران کوژراون

له مەریوان دوو ئەندامی سوپای پاسداران کوژراون
بەپێی زانیاریی میدیاکانی سەر بە سوپای پاسداران، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە دەوروبەری مەریوان بەهۆی تێکهەڵچوونی سوپای پاسداران لەگەڵ گرووپێکی نەناسراو، دوو چەکداری سوپای پاسداران کوژراون.

ماڵپەڕی (تەسنیم)ی سەر بە سوپای پاسداران بە پشتبەستن بە ڕاگەیەندراوێکی بنکەی (حەمزەی سەیدولشوهەدا)ی سوپای پاسداران بڵاوی کردووتەوە: "کاتژمێر یەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە٢٢ی٤ی٢٠٢١ لەدەوروبەری مەریوان بەهۆی شەڕ و پێکدادانی هێزە خۆجییەکانی سوپای پاسداران لەگەڵ گرووپێکی دژە شۆڕش، دوو ئەندامی سوپای پاسداران کوژراون".

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بە وردەکاریی ئەو ڕووداوە نەکردووە و ناوی هیچ لایەن و حزبێکی کوردیی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیی نەهێناوە.

لەمبارەوە ماڵپەڕی (هەنگاو) بۆ مافەکانی مرۆڤ، بڵاوی کردووەتەوە کە ڕووداوەکە شەوی ڕابردوو و لە گوندی (چنارە)ی سەر بە مەریوان بووە و ناوی چەکدارە کوژراوەکانی سوپای پاسداران بریتییە لە "حاجی عوسمان جیهانی و ناسر ئەمینی".

بەپێی هەمان سەرچاوە ئەمڕۆ پێنجشەممە هێزی سوپای پاسداران بە کۆپتەرەوە بە ناوچەکەدا سووڕاونەتەوە.

هەتا ئێستا هیچ لایەن و پارتێکی کوردیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرپرسیارێتیی ئەو هێرشەی نەگرتووەتە ئەستۆ.






باسنيوز
Top