سه‌رۆكى لیژنه‌ى په‌روه‌رده‌: ڕەوشی تەندروستی بڕیار لە چارەنووسی خوێندن دەدات

سه‌رۆكى لیژنه‌ى په‌روه‌رده‌: ڕەوشی تەندروستی بڕیار لە چارەنووسی خوێندن دەدات
بەشێک لە قوتابییانی زانکۆ و پەیمانگاکان چاوەڕوانی بڕیارێکن، کە تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ئەمساڵ بە هەمان میکانیزمی پار و لەجیاتی تاقیکردنەوە نووسینی راپۆرت بێت، لەمبارەوە سەرۆکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان ڕوونکردنەوە دەدات.

د. مێهڤان عارف بادى، یاریدەدەری سه‌رۆكی زانكۆی دهۆك بۆ كاروباری قوتابییان ڕایگەیاند: "ئێمە ئاگادارین کە بەشێک لە قوتابییانی زانکۆ و پەیمانگەکان دەیانەوێ تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ئەمساڵ بە هەمان میکانیزمی پار بن، ئەو قوتابییانە ئەوانەن، کە بەشدارییان لە هیچ وانەیەکی ئەلیکترۆنیدا نەکردووە، ماوەیەکە زانکۆی دهۆک چ لەڕێی ئەلیکترۆنی، یان بە ئامادەبوون لە پۆلەکان، وانەکان دەڵێتەوە، بۆیە ئێمە وەک زانکۆی دهۆک، بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ بڕیاری دروستکردنی راپۆرتدا نین، چونکە ئەو شێوازە هیچ سوودێک بە قوتابی ناگەیەنێت و ئاستی قوتابی بەو میکانیزمە بەرز نابێت".

گوتیشی: "ئێمە دەزانین زۆربەی قوتابییان پار راپۆرتیان بە پارە دەستخستبوو و دابوویان بە ئێمە، بۆیە وەک زانکۆی دهۆک، میکانیزمی دروستکردنی راپۆرت بە لاواز دەزانین".

هاوکات لەمبارەوە عه‌بدولسه‌لام دۆڵه‌مه‌رى، سەرۆکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "ئەو بڕیارانەی پێشتر لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوە زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەرکراون، تا ئەم ساتە هەر کار بەو بڕیارانە دەکرێت و هیچ گۆڕانکارییەکیان بەسەردا نەهاتووە".

گوتیشی: "تا ئێستا هیچ بڕیارێکی نوێ لە زانکۆ و پەیمانگەکان سەبارەت بە دروستکردنی راپۆرت لەجیاتی تاقیکردنەوە نەدراوە و رەوشی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان دیاری دەکات، کە چ بڕیارێک پێویستە بدرێت".












باسنیوز


Top