داعش لە بۆشایی ئەمنیی ناوچە دابڕێنراوەکان بە ئاسانی هاتوچۆ دەکا و گورز دەوەشێنێ
ئەمڕۆ سێشەممە 20/4/2021، لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ژووری هاوبەشی ئۆپەراسیۆنەكانی عێراق، ڕایگەیاند: “ئەو ڕێككەوتنەی، كە كرابوو، بۆ پێكهێنانی ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە میحوەرەكانی كەركووك و دیالە و مەخموور تا دەگاتە سحێلا بوو، بەڵام تاكوو ئێستا دەستبەكار نەبوونە.
گوتیشی: “حكوومەتی عێراق تا ئێستا وەكوو پێویست كاری بۆ جێبەجێكردنی میكانزمی دەستبەكاربوونی ئەو ژوورە هاوبەشانە نەكردووە”.
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، ئەوەشی خستە ڕوو، تاكوو ئەو بۆشاییە ئەمنییانەی ئێستا لەنێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەكاندا هەن پڕ نەكرێتەوە، هەروەها ژوورە هاوبەشەكان لەو ناوچانە دەستبەكار نەبن، ئەوا دۆخی ئەمنیی ئەو ناوچانە باش نابێت و هەموو كاتێك دوژمنەكان و داعش دەتوانن بەئاسانی لەو بۆشاییانە هاتوچۆ بكەن، هەروەها هەندێ لەو گرووپانەی ئێستا بە ناوی حەشدی شەعبییەوە هەن، لە كردەوەكانیان بەردەوام دەبن.
روونیشی کردەوە، ئەگەر ئەو بۆشاییانە پڕ نەكرێنەوە، هاوشیوەی ئەو هێرشانەی کرانە سەر فڕۆکەخانەی هەولێر و كفری، بەردەوام بن.
باسنیوز
