لە چاوپێکەتنێکدا لە گەڵ کەناڵێکی میلیشیاکاندا: ئاڵا ئەسەدی دان بە خیانەتی شازدەی ئۆکتۆبەردا دەنێت
ئاڵا تاڵەبانی كە پاش گۆڕینی ڕەچەڵەكی تاڵەبانییەكان بۆ هۆزی بەنی ئەسەدی عەرەبی شیعە، لەنێو خەڵكی كوردستاندا زۆرتر بە ئاڵا ئەسەدی ناو دەبرێت، لە نوێترین چاوپێكەوتنیدا لە گەڵ کەناڵی العهدی میلیشیا شیعییەکان ، وێڕای ئەوەی وەك هەمیشە چەندان قسەی سواو و ناڕاستی لەبارەی هەرێمی كوردستان كرد، دانی بە خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەری خۆی و تاقمە خۆفرۆشەكەیان بە سەرۆكایەتیی لاهوور جەنگیدا نا و رای گەیاند: ”یەكێتی بۆ پاراستنی خوێنی عێراقییەكان ئەو ڕێككەوتنەی كردووە“.
لە بەرامبەردا شوان كەریم زراری، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: ”هەقوایە یەكێتییەكان شەرم لەوە بكەن كەسێكی وەك ئاڵا ئەسەدی سەرۆكی فراكسیۆنەكەیان بێت لە بەغدا، چونكە ئاڵا بۆ هەر كەسێكی نیشتمانپەروەر چ لە نێو بنەماڵەكەی ئەگەر هەبن یان لە كوردستان، مایەی شەرمەزاری و پەڵەیەكی گەورەیە، لەبەر ئەوە مافی ئەوەشی نییە باسی بابەتی نەتەوەیی بكات“.
جەختیشی كردەوە كە ئاڵا ئەسەدی نوێنەری عەرەبە شیعەكانە نەك كورد و لە پەرلەمانی عێراقیشدا لەسەر لیستی عەرەبە شیعەكان گەیشتۆتە كورسییەكەی، ”ئێستا ژانی ڕێككەوتنی ھەولێر و بەغدا گرتویەتی“. گوتیشی: لە بەغدا هەرچ كارێکی خراپ بكەن بەڵام ”ئاڵا ئەسەدی ناوێرێت بەرامبەر عەرەبە شیعەكان فزە بكات و بگرە شەو و ڕۆژ هەوڵی خۆشیرینكردن دەدات، پێشتریش بەهۆی ئەوەی هەموو رێگەكانی جاشێتی تاقی كردەوە، لەلایەن یەكێتییەوە دەركرا، بەڵام پاش ئەوەی تاقمێكی خۆفرۆش دەستیان بەسەر جومگەكانی حزبەكەدا گرت و گوتاری ئێستاشیان زۆرتر پەیامی خیانەتكارانەی تێدایە، ئیتر جێگەیەكیش بۆ گەڕانەوەی ئاڵا ئەسەدی پەیدا بووەوە“.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی پێیوایە خەڵكی كوردستان هیچ كات ئەو ئاڵا ئەسەدییەیان لەبیر ناچێت كە سروودی مەوتنی (سروودی نیشتمانیی عێراقی) دەگوتەوە، هەروەها ئەوە دەزانن ئاڵا ئەسەدی كەسێكی خۆفرۆشە و ”حزبەكەی خۆشی لەپێناو ڕازیكردنی عەرەبە شیعەكان دەفرۆشێت“.
لەبارەی ئەو قسانەشی كە ئاڵا ئەسەدی كردی گوایە ئەوان بەنیازی جیاكردنەوەی سلێمانی لە هەرێمی كوردستان نین، شوان زراری گوتی: ”ئەوكاتەی كەركووكیشیان فرۆشت، تەنانەت پاش فرۆشتنیشی، ئەو تاقمە خۆفرۆشە لە نێو كەركووكەوە بانگەشەی كوردایەتییان دەكرد، كەچی دواتر وێنەكانیانمان بینی لە ژوورەوە خوانیان بۆ سەركردەكانی حەشدی شەعبی دەڕازندەوە و خوا دەزانێ چیتریشیان بۆ رازیكردنیان دەكرد، بۆیە كەی گوتیان ئێمە فڵان شوێن نافرۆشین، دڵنیابن كە خەریكی دۆزینەوەی كڕیارێكن بە مەبەستی فرۆشتنی ئەو شوێنە“.
باسنیوز
