بەهۆی پەکەکەوە رەوشی ئاژەڵدار و جووتیاران لە سنوورەکانی سیدەکان دژوارە

بەهۆی پەکەکەوە رەوشی ئاژەڵدار و جووتیاران لە سنوورەکانی سیدەکان دژوارە
بەهۆی بوونی هێزەکانی پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکانەوە، ئاژەڵدار و خاوەن رەز و باخەکان لە رەوشێکی خراپ دان و ناتوانن کاری خۆیان بکەن وقایمقامی قەزای سۆران دەڵێت، كۆبوونەوەیەكی تایبەتمان لەسەر خراپیی رەوشی سەربازیی ناوچە سنوورییەكانی ناحیەی سیدەكان کردووە، بۆ ئەوەی رێگەچارەیەك بۆ كۆچەری و جوتیاران بدۆزینەوە، تا بتوانن روو لە كوێستانەكانی ناوچەكە بكەن.

هەڵگورد شێخ نەجیب، قایمقامی قەزای سۆران رايگەیاند، بەهۆی خراپیی رەوشی سەربازیی ناوچە سنوورییەكانی ناحیەی سیدەكان لە دەڤەری سۆران، بەتایبەت بوونی هێزەكانی (پەكەكە) و بۆردومانی سوپای توركیا، زۆرجار ئێرانیش بە بیانووی جیا جیا ئەم ناوچانە بۆردومان دەكات، ساڵانە خەڵك دەبنە قوربانی”.

گوتیشی: “لە دێرزەمانەوە خەڵكی كۆچەری بۆ بەخێوكردنی مەڕوماڵات و ئاژەڵداری روو لە كوێستانە سەر سنوورییەكان دەكەن، سەرەڕای جوتیار و خاوەن رەز و باخەکان، کە بۆ كشتوكاڵ دەچنەوە گوندەکانیان لەسەر سنوور".

ئەوەشی ئاشكرا كرد، تایبەت بەم ناوچە سنوورییانە، بە ئامادەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەكانی سنوورەكەمان كۆبوونەوەیەكی تایبەتمان کرد و چەند خاڵێكمان دەستنیشان كردوون سەبارەت بە خراپیی رەوشی ناوچە سنوورییەكانی سیدەكان و دۆزینەوەی رێگەچارەیەك بۆ ئەو كۆچەری و جوتیارانەی، ساڵانە لەم وەرزانەدا روو لەم ناوچانە دەكەن و و بۆ سەرووی خۆمان بەرزمان كردوونەتەوە.

قائمقامی سۆران روونیشی کردەوە، پێویستە رێگەچارەیەكی گونجاو بۆ دۆخەی سنوورەکان بدۆزینەوە، بۆ ئەوەی گیانی خەڵكەكەمان پارێزراو بێت و بتوانن کاروباری خۆیان بکەن.

ئاماژەشی بەوەش كرد، ناكرێت مەڕوماڵاتی هاووڵاتییانمان لە گەرمیان بمێننەوە و بكرێنە قوربانیی رەوشی سەربازیی لایەن و حزبێكی پارچەیەکی دیكەی كوردستان و حكوومەتێكی دراوسێ‌، كە بەهۆی ئەوانەوە نەتوانن روو لە كوێستانەکان بكەن.













باسنيوز

Top