به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستیی هه‌ولێر: 15 ھەزار ژەمە ڤاکسین لە هەولێر وه‌رگیراوه‌

به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستیی هه‌ولێر: 15 ھەزار ژەمە ڤاکسین لە هەولێر وه‌رگیراوه‌
به‌ڕێوه‌‌به‌ری گشتیی ته‌ندروستی هه‌ولێر رای دەگەیەنێت، له هەولێر داواکاری لەسەر ڤاکسین زۆر زیادی کردووە و 15 هەزار ژەمە ڤاکسین دراوە، ئاشکراشی دەکات، ئەم هەفتەیه‌ ڤاكسینی سینۆفارم و ھەفتەی داھاتووش ڤاكسینی فایزەر دەگات.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 18/4/2021، د.دلۆڤان محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌‌به‌ری گشتیی ته‌ندروستی هه‌ولێر راگه‌یاند:" لەم ھەفتەیەدا كاروانێكی دیكەی ڤاكسینی سینۆفارمی چینی دەگاتە ھەرێمی كوردستان و ھەفتەی داھاتووش كاروانێكی دیكەی ڤاكسینی فایزەر دەگات، كە ھەزار و 170 ژەم ڤاكسینە و بڕیاریشە هاتنی هەموو جۆرەکانی ڤاکسین بەردەوام بن".

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد: لە سنووری پارێزگای ھەولێر 19 ھەزار 500 ژەمه‌ ڤاكسین بەردەست بوو، 15ھەزار ژەمی بەكارھێندراوە و پرۆسەكە بەردەوامە. تەنیا لە یەک ڕۆژدا لە هەولێر 2 هەزار و 486 کەس ڤاکسینیان پێدراوە.

د.دلۆڤان محه‌مه‌د، ئاشكراشی كرد: ئێستا داواکارییەکی زۆری خەڵک بۆ پێکوتە و ڤاکسین هەیە "خەکێکی زۆر لە ڕێگەی ئۆنڵاینه‌وه‌ ناوی خۆیان تۆمار دەکەن، تەنیا له بنکەی رزگاری 10 هەزار کەس ناوی خۆیان تۆمارکردووە، تەنیا 4 هەزار و 500 ژەمە ڤاکسینی ئەسترازینکا ماوە، ئەویش دەدرێتە هاووڵاتییان".

روونیشی كردەوە: ھاتنی ڤاكسینی فایزەر بۆ ھەرێمی كوردستان بە ماوەی ھەشت ھەفتە دەبێت، سەنتەری رزگاری لە ھەولێر، لە ماوەی ئەم ھەشت ھەفتەیە شەش جار وەری دەگرێت، ئێستا كاروانێكی وەرگرتووە و تەواو ڤاكسینەكان بەكارھێنراون.

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی ھەولێر، باسی لەوەش كرد: لە كاروانی داھاتووی ڤاكسین بەشێكی دەدرێت بە قەزاكانی كۆیە و سۆران، "ڤاكسینی ڤایزەر داواكاری زیاتری لەسەر بوو، لە ھەمان كاتدا بڕەكەشی كەمتر بوو، بۆیە ئێستا لە ھەولێر نەماوە، تەنیا كەمێك لە سۆران ماوە.

بەپێی ئامارەکان، هەولێر لە ریزبەندی یەکەمدایە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لەرووی بەکارهێنانی ڤاکسینەوە، بە جۆرێک تا ئێستا 15 هەزار کەس وەریان گرتووە، دوای ئەویش دهۆک دێت بە 13 هەزار و 394، پاشان سلێمانی بە 9هەزار و 541 کەس.




باسنیوز
Top