هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتارانی هەدەپە پەرلەمانی توركیا هەڵدەوەشێنێتەوە

هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتارانی هەدەپە پەرلەمانی توركیا هەڵدەوەشێنێتەوە
بە گوێرەی پەیڕەوی ناوەخۆی پەرلەمانی توركیا، ئەگەر ٥٪ی ئەندام پەرلەمانەكانی توركیا پارێزبەندییان لەسەر هەڵبگیرێت و دواتر ئەندام پەرلەمانییان لێ بسەندرێتەوە، پەرلەمانی توركیا هەڵدەوەشێتەوە.

تاوەكوو ئێستا ١٣ ئەندام پەرلەمانی توركیا، كە ١١ یان سەر بە پارتی دیموكراتی گەلان HDPـن، خاسیه‌تی ئەندام پەرلەمانییان لێ سەندراوەتەوە. دۆسیەی ٢٩ ئەندام پەرلەمانی تریش لە لایەن داواكاری گشتییەوە رەوانەی پەرلەمان كراوە، تا پارێزبەنیان لەسەر هەڵبگرن كە ٢٢ یان سەر بە HDPـن، ئەوانی تریش سەر بە پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیان.

ئەگەر لەو ٢٩ ئەندام پەرلەمانە، ١٧ـیان پارێزبەندییان لەسەر هەڵبگیرێت و پاشان ئەندام پەرلەمانییان لێ وەربگیرێتەوە، ئەوكات پەرلەمانی توركیا هەڵدەوەشێتەوە، چونكە ٣٠ ئەندام پەرلەمان دەكاتە ٥٪ی ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمان، بەمەش پەرلەمانی توركیا هەڵدەوەشێتەوە.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لە ماڵپەڕی (T24)ی توركی بڵاوكراونەتەوە، پارتی داد و گشەپێدان AKP، نایەوێت پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە و توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، بۆیە دۆسیەی ئەو ئەندام پەرلەمانانەی داوا كراوە پارێزبەندییان لەسەر هەڵبگیرێت، پشتگوێ دەخرێت.

ئەگەر پارێزبەندیشیان لەسەر هەڵبگیرێت، ئەندام پەرلەمانییان لێ ناسەندرێتەوە، چونكە ئەگەر رێژەی یاسایی لێسەندنەوەی ئەندام پەرلەمانی دروست ببێت، ئەوكات پەرلەمان هەڵدەوەشێتەوە و توركیا دەچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە.



باسنیوز
Top