دوکان و بازاڕی چەندین شاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی کۆرۆناوە داخراون
لە دوو هەفتەی ڕابردوودا ژمارەی تووشبوانی کۆرۆنا و قوربانییەکان لە کرماشان و ئیلام و سنە ڕوویان لە زیابوون کردبوو، ئێستاش لە مەهاباد بە ڕادەیەک ژمارەی تووشبوان بەرز بووەتەوە کە جگە لەو شوێنانەی کە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی خەڵک ڕێگەیان پێ دراوە، بڕیار دراوە سەرجەم دوکان و بازاڕەکانی ئەو شارە دابخرێن.
هەروەها لە بۆکان بەهۆی دۆخی سووری کۆرۆنا بڕیار دراوە هەموو قوتابخانەکان و ناوەندە فێرکارییەکان، یاریگاکان و زۆربەی دوکان و بازاڕەکان، کار و پیشەکان بۆ ماوەی یەک هەفتە دابخرێن.
هاوکات لە سەقز بەپێی بڕیاری بەرپرسانی ئەو شارە بۆ ماوەی یەک هەفتە دوکان و بازاڕەکان دادەخرێن.
ئاماری تووشبووان بە پەتای کۆرۆنا لە ئێران دوای دەستپێکردنی شەپۆلی چوارەمی ئەو نەخۆشییە، بە ڕێژەیەکی سەرسووڕهێنەر بەرز بووەتەوە و دۆخی سووری تێپەڕاندووە، بە شێوەیەک کە ڕۆژانە لە ئێران زیاتر لە ٣٠٠ کەس گیانیان لەدەست دەدەن.
زیاتر لە ساڵێک لە تەشنەسەندنی پەتای کۆرۆنا لە ئێران تێدەپەڕێت، هەرچەند هەتا ئێستا ئێران لە ڕووسیا و چین و هیندستان پێکوتەی کۆرۆنای کڕیوە، بەڵام ڕێژەیەکی زۆر کەمی بەسەر خەڵکدا دابەش کردووە و تەنانەت هەتا ئێستا زۆربەی کارماندانی تەندروستی و پزیشکانیش ئەو پێکوتەیان بەکار نەهێناوە.
بەپێی دوا ئاماری وەزارەتی تەندروستیی ئێران هەتا ئێستا بەهۆی پەتای کۆرۆناوە ٦٦ هەزار و 327 کەس لەو وڵاتە گیانیان لەدەست داوە.
باسنيوز
