پزیشکێکی سلێمانی: ڤاکسینی کۆرۆنا لەبەر بەرپرسانی حزبی و سەربازیی سلێمانی بەر خەڵکی ناکەوێت
بەپێی زانیارییەكان، بەرپرسانی سلێمانی، بە تایبەتیش كەسانی سەر بە تاقمێكی دەستڕۆیشتووی نێو یەكێتی، بە ماڵ و منداڵەوە، هەوڵی لەخۆدانی ڤاكسینی فایزەر دەدەن، بەرپرسانی تەندروستیی پارێزگاكەش ناتوانن هاوسەنگی لە نێوان داواكاریی بەرپرسانی حزبی و سەربازیی شارەكە و هاووڵاتییان ڕابگرن.
لەمبارەیەوە ئاری عەبدوڵا، پزیشکی پسپۆڕی جومگە و ڕۆماتیزم لە شاری سلێمانی ڕایگەیاندن: ”ھەرچەندە دەسەڵاتدارانی ئەم زۆنە بێ متمانەییەکی زۆریان لە نێوان خەڵکی شاری سلێمانی و کەرتی تەندروستی دروست کردووە، کارێکی وایانکردووە خەڵکیان سارد کردوەتەوە لەو ڕێنماییانەی کە ڕێکخراوی تەندروستیی جیھانی (WHO) بۆ خۆپارێزی لە کۆرۆنا دیاری كردووە، تەنانەت ئێستا لە ڕێگەی ھەندێک میدیای سێبەری خۆیانەوە، خەڵکی ھاندەدەن متمانەیان بەو ڤاکسینە نەبێت و ترس و تۆقاندن لەسەر بەکارھێنانی ڤاکسینەکە بڵاودەکەنەوە، گوایە ئەو ڤاکسینە خراپە و مەترسیدارە تاوەكوو لە خۆیان نەدەن“.
ئەو پزیشكە ئاشكرای كرد: ”بەرپرسانی باڵای حزبی و سەربازی لە شاری سلێمانی، ھەڵپەی ئەوەیانە لە پێش خەڵکی ئاسایی، خۆیان ڤاکسینیان دەست بكەوێت، ئەوان لە خەمی خەڵکدا نین و بە چاوەکانی خۆمان دەبینین کە چەند ھەوڵی ئەوە دەدەن لە پێش ھەموو کەسێکەوە ڤاکسینی فایزەر بۆ خۆیان و ماڵ و منداڵەکانیان وەربگرن“.
پزیشكەكەی سلێمانی ئەم كارەی بەرپرسانی شارەكە بە نامۆ نازانێت و دەلێت: ”هەموومان بیرمانە پێشتر بەرپرسەکانی ئەم شارە ئامێری ھەناسەدانی دەستكردیان دەبردەوە ماڵەکانی خۆیان، لە کاتێکدا قەیرانی دارایی ھەبوو، کەرتی تەندروستی کێشەی ئامێری ھەناسەدانی دەستكردی ھەبوو، کاتێک نەخۆشێکی کۆرۆنا لە نەخۆشخانە دەمایەوە، ئامێری هەناسەدانی دەستکرد نەبوو چارەسەری پێویست وەربگرێت، چونکە بەرپرسەکان ئامێرەکانیان دەبردەوە ماڵەوە و خەمی خەڵکیان نەبوو“.
ئەو پزیشكە دووپاتی كردەوە: ”ڤاکسینی کۆرۆنا لەبەر بەرپرسەکانی ئەم شارە، بەر خەڵکی دیکە ناکەوێت، بەرپرسەکان لەپێناو مانەوەی خۆیاندا مردنی خەڵک بە لایانەوە گرنگ نییە، ئەوان ڤاکسینەکەیان دەست بکەوێت ئیتر خەڵک دەمرێت یان تووشی ھەر نەخۆشییەکی کوشندە دەبێت، بەلایانەوە ئاساییە و مانەوەی خۆیان بەلاوە گرنگە، بۆیە ھەڵپە بۆ بەدەستهێنانی ڤاکسینی فایزەر دەدەن“.
ئەوەشی نەشاردەوە كە ”دەسەڵاتدارانی سلێمانی، بەرامبەر بە تەندروستیی هاووڵاتیان تاوانبارن، چونکە ئاسایشی تەندروستی بەشێکی گرنگە لە ئاسایشی نەتەوەیی، ئەوەی بەرپرسەکانی ئەم زۆنە دەیکەنو خیانەتێکی گەورەی نیشتیمانییە و کاتێک تەندروستیی ھاوڵاتیان بەھۆی چەواشەکارییەکانی ئەوانەوە دەکەوێتە مەترسییەوە، بێگومان ئەوە تاوانێکی گەورەیە و دەکەوێتە ئەستۆی بەرپرسەکانی شاری سلێمانییەوە“.
باسنيوز
