ههفتهی ژینگهی ههرێمی كوردستان ڕاگهیاندرا
عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆکى دەستەى پاراستن و چاککردنى ژینگەى هەرێمى کوردستان لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنووسیدا گوتى: لەمڕۆوە هەفتەى ژینگەى کوردستان رادەگەیەنین، کە هۆشیاریی ژینگەیی و کارکردن و هەڵمەتەکانى ژینگەیی ساز دەکەین، لەلایەکى دیکەشەوە دەزگاکانى ڕاگەیاندن بابەتەکانى ژینگەیان کردووە بە پرسی میدیایی.
گوتیشی: لەم هەفتەیەوە کاردەکەین بۆ کردنەوەى فەرمانگەى ژینگەى پارێزگاى هەڵەبجە، ئەوەش ئەرک و فەرمانى تایبەت بەخۆی دەبێت و ئەنجامدانى چالاکییە ژینگەییەکان لە ئەستۆ دەگرێت.
لە بەشیکى دیکەى قسەکانیدا سەرۆکى دەستەى ژینگە بە پێویستى زانى رایەڵەیەکى هاوبەشی نێوان دەستەى ژینگە و ڕێکخراوەکان و دەزگاکانى ڕاگەیاندن دروست بکرێت.
ڕوونیشى کردەوە: کە پۆلیس و پێشمەرگە و ڕێکخراوەکانى بووارى ژینگە هەیە، بەڵام "ئێمە وەکوو دەستەى ژینگە بەباشی دەزانین وەک لەبڕگەى یاساى ژمارە ٢٥ى تایبەت بە یاساى ژینگەى تەندروستى و ژینگەى عیراقى دیاری کراوە، هێزێکى ژینگەیی دروست بکرێت و هەموو تەکنیک و هونەرەکانى ژینگەیی لەبەرچاو بگرێت.
لەبارەى پارەى ژینگە و ڕێگاوبان کە لە شۆفێرانى کوردستان وەردەگیرێت، سەرۆکى دەستەى ژینگە ئاماژەى بۆ ئەوە کرد کە لە هەوڵدان بەشێک لەوپارەیە بخرێتە سندوقى دەستەى ژینگە و "بۆ چالاکییەکانمان خەرجى بکەین".
باسنیوز
