كەركووك.. لە ساڵوەگەڕی تاوانی ئەنفالدا ژمارەیەك چالاكوان گرد بوونەوە

كەركووك.. لە ساڵوەگەڕی تاوانی ئەنفالدا ژمارەیەك چالاكوان گرد بوونەوە
ئەمڕۆ چوارشەمە، لە 33یەمین ساڵیادی تاوانی ئەنفالدا، كۆمەڵێك لە چالاكوانانی شاری كەركووك گربوودنەوەیەكیان لەبەردەم كتێبخانەی گشتیی شارەكە بەڕێوە برد.

بەشداربووانی گردبوونەوەکە داوایان كرد، حكوومەتی عێراق قەرەبووی مادی و مەعنەویی كەسوكاری ئەنفالكراوان بكاتەوە.

لەمبارەوە هێمن حەسیب، سەرپەرشتیاری گردبوونەوەكە و چالاكوانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە كەركووك، ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ چوارشەممە، 14/4/2021، وەك تۆڕی هاوپەیمانیی رێكخراوە كوردستانییەكان لەپێناو دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، لەبەردەم كتێبخانەی گشتیی كەركووك گردبوونەوەیەكمان ڕێک خست كە تایبەت بوو بە یادی 33 ساڵەی تاوانی ئەنفال".

گوتیشی: "ئێمە لەو گردبوونەوە خەمناكەدا كۆمەڵێك خاڵ و داواكارییمان هەبوو و خستمانە ڕوو".

ئاشکراشی کرد: "داوامان كرد كە دەبێ عێراق ببێتە ئەندام لە دادگای باڵای تاوانی نێودەوڵەتی، بۆ ئەوەی زەمانەت بە گەلانی عێراق بدرێت، كە جارێكی تر تاوانی لە شێوەی ئەنفال لە عێراق دووبارە نەبێتەوە".

هێمن حەسیب زیاتر گوتیشی: "داواكارییەكی دیكەمان ئەوە بوو، دەبێ دەوڵەتی عێراق بە فەرمی داوای لێبوردن لە گەلی كورد و هەموو قوربانییانی جینۆساید لە عێراقدا بكات، لە بەرامبەر ئەو تاوانانەی كە پێشتر ئەنجام دراون، چونكە ئەم حكوومەتەی ئێستا میراتگری حكوومەتەكانی پێش خۆیەتی".

سەرپەرشتیاری گردبوونەوەكە ئەوەشی گوت: "دەبێت شایەتحاڵەكانی ئەنفال، ئەوانەی لە نوگرەسەلمان و تۆپزاوا و كونجی زیندانەكانی تر گەڕاونەتەوە و لەسەر باسکردنی تاوانەكانی ئەنفال لێرەولەوێ هەڕەشەیان لێ دەكرێت، پێویستە ئەوانە یاسایەکیان بۆ دەربكرێت و بپارێزرێن، ناكرێ هێشتا قوربانی لەژێر هەڕەشەی جەلاددا بێت".

لە کۆتاییدا سەرپەرشتیاری گردبوونەوەكە گوتی: "لە گردبوونەوەكەدا داوامان كرد، كە دەبێ حكوومەتی عێراق قەرەبووی مادی و مەعنەویی كەسوكاری ئەنفالكراوان بكاتەوە".













باسنیوز


Top