بەشیر حەداد: دەبێ حكوومەتی عێراق قەرەبووی ماددی و مەعنەویی كەسوكاری ئەنفالکراوان بکاتەوە
د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە ١٤ی٤ی٢٠٢١ لە ڕاگەیاندراوێکدا بە بۆنەی یادی ئەنفالەوە ڕای گەیاندووە: "بە پێویستی دەزانین حكوومەتی فیدراڵی تەواوی ئەرکه یاساییەکانی سەرشانی خۆی جێبەجێ بكات و قەرەبووی تەواوی ماددی و مەعنەوی كەسوكاری قوربانییانی شاڵاوی نامرۆڤانەی ئەنفال بکاتەوە و ژیانێکی شایستەیان بۆ دابین بکات".
جەختیشی کردووەتەوە دەبێت کار بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو شوێنانە بکرێت کە وێران کراون و خزمەتگوزاریی تەواو بگەیەندرێتە تەواوی ئەو ناوچانەی ئەنفالیان تێدا کراوە.
د.بەشیر حەداد، ئەوەشی خستووەتە ڕوو "٣٣ ساڵ لەمەوبەر و لە ساڵی ١٩٨٨، ڕژێمی پێشووی عێراق پرۆسەی ئەنفالی بە ھەشت قۆناغ دژی گەلی کورد لە باشووری کوردستان ئەنجام دا و گوتی: "پرۆسەی ئەنفال، تاوانێکی نامرۆڤانەی گەورە بوو کە بە بەرچاوی وڵاتانی ناوچەکە و جیھانەوە دژی گەلی کورد ئەنجام درا و تێیدا بە هەزاران ھاووڵاتیی کورد زیندەبەچاڵ و بێسەروشوێنن کران و ژمارەیەکی زۆریش گوند و شارۆچکەی کوردستان وێران کران.
باسنيوز
