مەسرور بارزانی: داعش لە سووریاوە پیلانی بە ئامانجگرتنی هەرێمی کوردستانی داڕشت

مەسرور بارزانی: داعش لە سووریاوە پیلانی بە ئامانجگرتنی هەرێمی کوردستانی داڕشت
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە سووریاوە پیلانی بە ئامانجگرتنی هەرێمی کوردستانی داڕشت.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)ی رایگەیاندووە: داعش بەردەوام هەڕەشەیە بۆ سەر عێراق و هەرێمی کوردستان، بەتایبەت بەهۆی توانای پەڕینەوەی چەکدارەکانی لە سنوورەکان و دزەکردنیان بۆ ناو خاکی عێراق.

مەسرور بارزانی تیشکی خستووەتە سەر دانپێدانانی گرووپە تیرۆرسیتییەکەی داعش، کە بەر لەچەند رۆژێک لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە دانپێدانانەکەیان بڵاو کرایەوە و رایگەیاندووە: شانە تیرۆریستییەکەی داعش لە کەمپی هۆل لە سووریاوە، پیلانی بۆ بە ئامانجگرتنی هەرێمی کوردستان ئامادەکردبوو.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لە پێویستیی هەرێمی کوردستان و عێراق بە هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش کردووەتەوە و رایگەیاندووە: بۆ دڵنیابوون لە شکستپێهێنانی یەکجاریی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە، هێشتا‌ عێراق و هەرێمی کوردستان پێویستیان بە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هەیە.

مەسرور بارزانی داوای لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیش کردووە مەترسی و هەڕەشەکانی داعش بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیری هەرێمی کوردستان و دەرەوە، بەجددی وەربگرن.



باسنيوز
Top