پەیامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک-گەرمیان لە سی و سێهەمین ساڵیادی کارەساتی ئەنفالدا

پەیامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک-گەرمیان لە سی و سێهەمین ساڵیادی کارەساتی ئەنفالدا

ئەمرۆ سی و سێ ساڵ بەسەر گەورەترین تاوانی کۆمەڵکوژی لە مێژووی هاوچەرخەدا دژی گەلەکەمان و مێژووی مرۆڤایەتی تێدەپەرێت کە ڕژێمی دیکتاتۆری بەعس لە پرۆسەیەکی ڕێکخراوی سەربازی و سیاسیدا بۆ لەناوبردنی دۆزی ڕەوای کورد و شوناسی نەتەوایەتیمان لە فەرهەنگ و زمان و کلتور و نەهێشتنی ژێرخانی ئابووریی کوردستان بە ڕووخاندنی لە پرۆسەیکدا بەناوی ئەنفال کە بە هەشت قۆناغ جێبەجێ کرا و لە ئەنجامدا بووە هۆی لەناوبردن و شوێنبزرکردنی (١٨٢) هەزار مرۆڤی سیڤیلی کوردستان بەکۆمەڵ کرتنیان و ڕاگواستنیان بۆ ناوەراست و باشور و بیابانەکانی عێراق، دواتریش کۆمەڵکوژ و زیندەبەچاڵکران بەبێ جیاوازی لەنێوان منداڵ و پیر و پەککەوتە و ئافرەت و پیاو، دوور لە هەموو بەهایەکی مرۆڤایەتی و بەبێ ئەوەی ھیچ تاونێکیان ھەبێت تەنها تاوانیان ئەوە بوو (کورد) بوون .
رژێمی دیکتاتۆر و بەدئاکاری بەعس لە قۆناغی سێی ئەنفالدا لە ڕۆژێکی وەکو ئەمرۆ ١٩٨٨/٤/١٤ لە ناوچەکانی گەرمیان و لە درێژەی پرۆسەی ئەنفالدا زۆرترین خەڵکی سڤیلی بێتاوانی لە ناوچەکە گرت لەپێناو قرکردنیان کە بووە ڕۆژێکی هەرگیز لەبیرنەکراو لە مێژووی نیشتیمانی و نەتەوایەتی و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان و، پەڵەیەکی ڕەش بەنێو چاوانی ئەنجامدەرانی تاوانەکە.
مێژووی ڕەشی ڕژێمی دیکتاتۆری بەعس دژی گەلەکەمان پڕە لە تاوان هەر لە ڕاگواستن و لەناوبردنی کوردە فەیلییەکان و ئەنفالکردنی هەشت هەزار بارزانی و کیمیابارانی هەڵەبجە کە تاوانێکن کەموێنەن لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، بەڵام بەداخەوە تائێستا بەجێنۆساید نەناسراوە لە ئاستی عێراق و نێودەوڵەتیدا .
سەرەڕای هەموو ئەو تاوانانەی دژی گەل و خاکی کوردستان بەدرێژایی مێژوو ئەنجام دراون، ئیرادەی گەلەکەمان و پێشمەرگە قارەمانەکان هەرگیز نەشکاوە چونکە باوەڕ و متمانەیان بە کێشەی ڕەوای گەلەکامان هەبوو .
لەم یادە غەمگینەدا جەخت دەکەینەوە کە پێویستە حکومەتی بەغدا وەکو ئەرکێکی ئەخلاقی و یاسایی قەرەبووی کەسوکاری شەهیدانی ئەنفال و کیماباران بکات و دان بە جینۆسایدی کوردا بنێت.
لە یادی ڕۆژی ئەنفالدا سڵاو و دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی سەربەرزی ئەنفال و گشت شەهیدانی کورد و کوردستان دەنێرین
سڵاو لە پێشمەرگە قارەمانەکان پارێزەرانی خاك و خەڵکی کوردستان

دکتۆر کەمال کەرکووکی
سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک-گەرمیان
٢٠٢١/٤/١٤
Top