ئەمساڵ ئاوی بەنداوی دەربەندیخان نیو هێندەی پار بۆ گەرمیان و دیالە بەر دەدرێتەوە
ڕەحمان خانی، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان، رایگەیاند: "ئاستی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو كەمترە، بۆیە هەرچی زووە پێویستە بە خێرایی رێوشوێن بگیرێتە بەر، بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو ئاوەی بۆ گەرمیان و ناوچەكانی دیالە بەر دەدرێتەوە".
گوتیشی: "پلانی بەردانەوەی ئاو لە پێنج مانگی ئایندەدا جێبەجێ دەكرێت، بۆ ئەمساڵ نیوەی بڕی ساڵی رابردوو ئاو بەر دەدەینەوە".
بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان ڕاشی گەیاند: "جگە لە کەمیی باران و گرتنەوەی سەرچاوە ئاوییەكان لەلایەن ئێرانەوە، هاوكات كارگەكانی بلۆك و چەو و لم بوونەتە هۆكاری گۆڕینی رێڕەوی سروشتیی ئاوەكە لە ڕووباری سیروان، لەلایەن ئەو كارگانەوەی لە رۆخی رووبارەكە كار دەكەن".
لەسەر گرنگیی ئەو بابەتە، ئەمڕۆ سێشەممە، 13ی 4ی 2021، كۆنفرانسێكی رۆژنامەنووسی لە دەربەندیخان ساز درا.
ئەوەشی خستە ڕوو، بۆ ئەمساڵ تەنیا جەخت لە دابینكردنی ئاوی خواردنەوە و لەناونەچوونی باخ و دارستانەكان دەکەنەوە.
باسنیوز
