لە زومار کێشەی زەویوزار لە نێوان هاووڵاتییانی کورد و عەرەب سەری هەڵداوە
ئهحمهد جهعفهر، بەڕێوەبەری ناحەی زومار رای گەیاند: "گوندەکانی كورد لەلایەن عەرەبەکانەوە داگیر کراون و ئەمەش بووە بەهۆی دروستبوونی کێشە لە نێوان هاووڵاتییانی کورد و عەرەب لە ناوچەکە“.
گوتیشی: ”ئێمە وەک ئیدارەی ناحیەی زومار، چەندین کۆبوونەوەمان لەگەڵ خەڵک کردووە، بۆ ئەوەی رێ لەو کێشانە بگرین و زیاتر تەشەنە نەکەن. ئەو کێشانە لە گوندی بەردیە سەر بە ناحیەی زومار دروست بوونە، کە گوندی کوردانە و عەرەب لە حەفتاکانی سەدەی رابردوو هێنراونەتە ناوچەکە و دوای ساڵی 2003 هاووڵاتییانی کورد جارێکی دیکە گەڕانەوە سەر زەوییەکانیان، ئێستا و دوای ئەوەی حەشدی شەعبی دەستی بەسەر ناوچەکەدا گرتووە، جارێکی تر عەرەب هاتوونەتەوە سەر زەویوزاری کوردان“.
ئاشکراشی کرد: "ئێستا ئێمە لە هەوڵداین ئەم کێشەیە چارەسەر بکەین و ئەوانیش گوندێک بۆ عەرەبەکان دروست بکەن و خەڵکەکەیان لە ناو گوند و زەویوزاری کورد ببەنە دەرەوە“.
گوتیشی: ”خەڵکی ئێمە داوا دەکەن هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە زومار، کە هێزی هاوبەش لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقدا هەبێ، بۆ ئەوەی ناوچەکە بپارێزن، چونکە کورد و عەرەبیش لە سنووری زوماردا هەن“.
باسنیوز
