پارێزگارى هەولێر ماسک و بەرماڵى بەسەر مزگەوتەکانى هەولێردا دابەش کرد
بەپێی دوایین ڕێنوێیەکانی ژوورى ئۆپەراسیۆنى پارێزگای هەولێر تایبەت بە رێنماییەکانى مانگى ڕەمەزانى پیرۆز، پێویستە هەموو ئەو هاووڵاتییانەى سەردانى مزگەوت دەکەن، ماسک ببەستن و بەرماڵى تایبەتى نوێژی خۆیان پێ بێت ئەمڕۆ ١٣/٤/٢٠٢١ ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر ماسک و بەرماڵى بەسەر مزگەوتەکاندا دابەش کرد.
لە پرێس کۆنفرانسێکدا پارێزگارى هەولێر گوتى: "بەپێی ڕێنوێنییەکان ئەو چوارچێوە خۆپارێزییەى دەگرینە بەر کە بەشێک لە پێداویستییەکان لەلایەن ڕێکخراوە مرۆیی و خێرخوازییەکانەوە دابین کراوە و پێشکەش بە ئەوقافی هەولێر دەکرێت بۆ ئەوەى لە مزگەوتەکاندا دابەش بکرێت تا سەلامەتیى هاووڵاتییانى هەولێر دەستەبەر ببێت".
پارێزگارى هەولێر گوتیشی: مەبەست لەو هەڵمەتە پاکڕاگرتنى مزگەوتەکان تا لەوێوە هاووڵاتییانیش سەلامەت بن و بەدڵنیاییەوە ئەرکە ئایینییەکانیان جێبەجێ بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا داواکارین مامۆستایانى ئایینى وەک پێشتر هاوکاریمان بکەن بۆ ئەوەى هانى موسلمانان بدەن تا بە پاکوخاوێنى و لەبەرچاوگرتنى رێنوێنییەکان سەردانى مزگەوتەکان بکەن و بەو هیوایەین کە لەو دۆخە سەختە دەربچین".
باسنيوز
