سلێمانی.. بۆ رووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی رێگە بە لێدانی بیری ئاو دەدرێ
كەریم عەلی ، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، رایگەیاند: ئەمڕۆ سێشەممە 13-4-2021، ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كۆبوونەوەی ژمارە 61ـی بۆ بڕیاردان لە شێوازی هەڵكەندنی بیری ئاو بۆ كێڵگە پەلەوەرییەكان و ئاژەڵداری و كشتوكاڵ، ئەنجام دا.
کەریم عەلی ئاماژەی بە بڕیاری ئەنجوومەنەکە کرد و رایگەیاند: ئەنجوومەن بەپێی یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان (بڕگەی 8 لە یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2009)، بڕیاری دا رێگا بە هەڵکەندنی بیری ئاو بەپێی ڕێنوێنیی ژمارە 1ی ساڵی 2015ی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوە ئاوییەكان، بدات.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی هۆکاری دەرکردنی بڕیاری رێگادان بە هەڵکەندنی بیری ئاوی بۆ رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی و رێگرتن لە هەڵکەندنی بیر بەڕێگای نایاسایی، گەڕاندەوە.
زانایان و جووتیاران باس لەوە دەکەن، کە ئەمساڵ رێژەی بارانبارین بەپێی پێویستیی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان نەبوو.
باسنیوز
