چەند زانیارییەك لەبارەی چاكسازی لە مووچەی خانەنشیان دەخرێتە ڕوو

چەند زانیارییەك لەبارەی چاكسازی لە مووچەی خانەنشیان دەخرێتە ڕوو
بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی هەرێمی كوردستان باس لە هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی لە بواری خانەنشینی دەكات و دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ ئەوانەی دوو مووچەی خانەنشینیان هەبوو مووچەكانیان راگیراوە و لە مووچەی پلەتایبەتەكانیشدا چاكسازی بەردەوامە.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 13/4/2021، حازم ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی هەرێمی كوردستان لە وەزارەتی دارایی رایگەیاند: "لە یاسای چاكسازی لە مووچە و خانەنشینیدا، چوار ماددە پەیوەندیی بە خانەنشینییه‌وه‌ هەیە، كاری باشمان كردووە و تاوەكوو مانگی 9ی ئەمساڵ تەواوی ماددەكانی پەیوەست بە خانەنشینی تەواو دەكرێت".

ئاماژەی بەوەش دا: "ئەوانەی دوو مووچەی خانەنشینییان هەبوو، یان مووچەیەكی فەرمانبەری و مووچەیەكی خانەنشینییان هەبوو، مووچەكانیان راگیراون و لێكۆڵینەوەش لە دۆسیەكانیان دەستی پێكردووە".

حازم ئیسماعیل لە بارەی چاكسازی لە خانەنشینی پلەباڵاكانیش گوتی: ''چاكسازیی خانەنشینیی پلەباڵاكان بەردەوامە و لە ماوەی پێشوودا فۆڕمێك بۆ خانەنشینانی پلەی وەزیر و بریكاری وەزیر و راوێژكار و بەڕێوەبەری گشتی دابەش كرا، چاكسازی لە بەڕێوەبەرە گشتییەكان تەواو بووە، كە نزیكەی 750 كەس بوون و ناوەكان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرز كراونەتەوە و بۆیان ڕوون كراوەتەوە چەندیان نایاسایین و ئەوان بڕیاریان لێ دەدەن."

سه‌رنجی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ش، كه‌، دەست بە چاكسازیی لە دۆسیەی خانەنشینیی ڕاوێژكاران كراوە، "تا ئێستا سێ توێژی خانەنشینانمان تەواو كردووە، ئەوانیش دادوەران و بەڕێوەبەرانی گشتی و شارەزاكانن و ئێستاش لە قۆناغی چاكسازیی ڕاوێژكارانداین، دوای ئەوە دەست بە چاكسازیی ناوی بریكاری وەزیر و وەزیرەكان و ئەندامانی پەرلەمان و جێگری سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی پەرلەمان و هەموو پلەباڵاكان دەكەین."

بەرپرسەكەی خانەنشینان ئاشكراشی كرد، پێش دەرچوونی یاسای چاكسازی، بەڕێوەبەرە گشتییەكان 80%ـی مووچەیان وەردەگرت، ئێستا دوای هەمواركردنەوە 60%ی مووچەیان پێ دەدرێت."

جەختیشی كردەوە، كه‌ چاكسازیی لیستی ناوی پلەباڵاكان و خانەشینانی شارستانی و سەربازی بەردەوام دەبێت تا چاكسازی لە هەموویان دەكرێت و دادپەروەری دێتە دی.













باسنیوز


Top