ئەحمەدی نەژاد پێی وایە كۆماری ئیسلامی بە مردنی خامەنەیی دادەڕمێت

ئەحمەدی نەژاد پێی وایە كۆماری ئیسلامی بە مردنی خامەنەیی دادەڕمێت
ئەمڕۆ دووشەممە ڕاوێژكارێكی پێشووی مەحموود ئەحمەدی نەژاد سەركۆماری پێشووی ئێران ڕای گەیاند كە نەژاد پێی وایە بە مردنی عەلی خامەنەیی ڕێبەری باڵای ئیسلامیی ئێران، كۆماری ئیسلامی دادەڕمێت.

ماڵپەڕی "عەسری ئێران" لە زاری عەبد ڕەزا داوەری ڕاوێژكاری پێشووی ئەحمەدی نەژادی گواستەوە كە نەژاد پێی وایە ڕژێمی كۆماری ئیسلامیی ئێران بە مردنی عەلی خامەنەیی دادەڕمێت.

داوەری هەروەها ڕای گەیاندووە كە ئەحمەدی نەژاد بە شێوەیەكی بەردەوام چاودێریی تەندروستیی عەلی خامەنەیی دەكات.

ڕاوێژكارەكەی پێشووی نەژاد ئەوەشی گوتووە كە ئاڵۆزییەكان و ناڕەزاییەكانی ئەم دواییەی هاووڵاتییانی ئێرانیش دەشێ ببێتە هۆكارێكی تری ڕوخانی ڕژێمی كۆماری ئیسلامی.

هەروەها ئاشكرای كردووە كە ئەحمەدی نەژاد خوازیارە لە ڕوودانی دۆخێكی وەكو ڕووخانی ڕژێمی ئیسلامیدا، ببێتە ڕێبەری گۆڕانی سیاسی لە وڵاتەكە.

ئەمەش لە كاتێكدایە ماوەیەكە هاوكات لەگەڵ نەخۆش كەوتنی عەلی خامەنەییدا، باس لە سیناریۆی ڕووخانی ڕژێمی ئیسلامی دەكرێت لە ئەگەری مردنی خامەنەیی.

لە چەند ڕۆژی رابردووشدا ئەحمەدی نەژاد لە میانی دیدارێكی تەلەڤزیۆنێكی عەرەبیدا ئەوەی بەدوور نەزانی كە لە دۆخێكی گونجاودا، جارێكی تر خۆی بۆ سەرۆكایەتیی ئێران كاندید بكاتەوە.

جێی باسە ئێستا مەحموود ئەحمەدی نەژاد یەكێكە لە ئەندامانی كۆڕی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی ڕژێمی كۆماری ئیسلامیی ئێران و لە ساڵانی ڕابردووشدا ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆر بووەوە بەهۆی هەڵسوكەوتەكانی حكوومەتەكەی لە ساڵانی نێوان 2005-2013دا.
basnews -
Top