لە عێراق و هەرێمی کوردستان 44 تووشبووی دیکەی کۆرۆنا گیانیان لەدەستدا
بەپێی راگەیێندراوی 24 کاژێریی وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق، پێنج هەزار و 679 تووشبووی دیکەی پێشووی ڤایرۆسی کۆرۆنا چاکبوونەتەوە. زۆرترین ژمارەی مردن بە کۆرۆنا لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان لە پارێزگای بەغدا بووە، سلێمانی لە پلەی دووەم دێت کە پێنج کەس لە سنووری پارێزگاکە گیانیان لەدەستداوە، لە پارێزگای دهۆکیش چوار کەس و لە هەولێریش سێ کەس گیانیان لەدەستداوە.
لەبارەی ژمارەی تووشبووان و مردووان بە کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، لە راگەیێندراوی وەزارەتی تەندروستیی عێراقدا هاتووە، "ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان 1158 تووشبووی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراون، 460 تووشبووی پێشوو چاکبوونەتەوە و 12 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە".
وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق جەخت لە گرنگیی وەرگرتنی ڤاکسینی دژە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکاتەوە و دەڵێت، "کورتترین رێگەیە بۆ کۆنترۆڵکردنی پەتاکە. پرۆسەی پێدانی پێکوتە زۆر باش بەڕێوەدەچێت و تاوەکو ئێستا 152 هەزار و 962 کەس لە عێراق پێکوتەی دژە ڤایرۆسی کۆرۆنایان وەرگرتووە".
تاوەکو ئێستا 932 هەزار و 899 کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان تووشی کۆرۆنا بوون، 820 هەزار و 532 لەو تووشبووانە چاکبوونەتەوە، واتە 88%ـی تێکڕای تووشبووان، هەروەها 97 هەزار و 610 تووشبووی کۆرۆناش هێشتا چارەسەر وەردەگرن، 451 لەو تووشبووانە لەژێر چاودێریی چڕدان، 14 هەزار و 757 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە.
rudaw -
