مەسرور بارزانی سەبارەت بە دەستگیرکردنی گرووپێکی تیرۆریستیی سەر بە داعش لە هەولێر پەیامێکی بڵاوکردەوە
مەسرور بارزانی رایگەیاند: "له دوای ئۆپەراسیۆنێکی چەند مانگی، هێزە ئەمنییەكانمان سەرکەوتووانە پیلانێکی تیرۆرستانی داعشیان لە هەولێر پوچهڵكردهوه، كه له سوریاوه پیلانەکە ڕێکخراوه و ئاراستەکراوه، ئەندامانی ئهم گرووپه تیرۆریستییه كه سهر به ڕێكخراوی داعشن، ئێستا دهستگیركراون و لە ژێر لێکۆڵینەوەدان".
ڕوونیشیکردەوە: "بە پێی زانیاریی دهزگا هەواڵگرییەکانمان، داعش لە کامپی (الهول)ەوە ئهم پیلانەیان داڕشتووە، ئەمەش جێی نیگەرانییە و دەریدەخات، داعش هێشتا توانای ئەوەیان هەیە بە نایاسایی له سنوورەکان بپەڕنەوە".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا رایگەیاندووە: "داوا لە هاوپەیمانان و هاوبەشەکانمان دەکەم ، کە مەترسییەکانی ئەم هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیریی ھەرێمی کوردستان و دەرەوە بە ھەند وەربگرن".
نووسیویەتیشی: "دەمەوێ دڵنیایی بدەمە خەڵکی کوردستان و ئەوانەی سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکەن کە پارێزراو دەبن و دهزگا ئەمنییەکانمان به بهردهوامی کار دەکەن بۆ پاراستنی هەموو چین و توێژ و پێكهاتهكانی كوردستان لە تیرۆر و توندوتیژی، ستاییشی كار و چالاکی خێرا و دەستبەجێی هێزەکانمان دەکەم، پابەندبوون و خۆبهخشیی ئهوان ، بووهته هۆی ئهوهی ببین به یەکێک لە ئارامترین ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست".
basnews -
