مۆنیۆمێنت و گۆڕستانی شەهیدانی ئەنفال لە چەمچەماڵ نۆژەن دەکرێتەوە
عادل مەلا ساڵح، گوتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان راگەیاند، پاش کۆبوونەوەی وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لەگەڵ یەکەی ئیداریی چەمچەماڵ و بەڕێوەبەری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و بەڕێوەبەری مۆنیۆمێنتی ئەنفال و ژمارەیەک لە رێکخراوەکانی بواری جینۆساید لە سنووری قەزای چەمچەماڵ و لەنزیکەوە گوێگرتن لە کێشە و داواکارییە رەواکانی کەسوکاری شەهیدان لەو دەڤەرە، "راستەوخۆ لە رێکەوتی 15-02-2021 بە نووسراوی وەزارەتمان ژمارە (467) داوامان لە بەڕێز سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران کرد کە رەزامەندی بفەرموون لەسەر چەند پرۆژەیەکی گرنگ بۆ ئەو سنوورە لەسەر بودجەی وەزارتمان".
بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان، دوای بەدواداچوونی بەردەوامی وەزارەتەکەیان، ئەنجوومەنی وەزیران بە نووسراوی ژمارە (3673) لە رێکەوتی 07-04-2021 رەزامەندییان دەربڕی لەسەر خەرجکردنی بڕی زیاتر لە (558) ملیۆن دینار لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بۆ جێبەجێکردنی ئەم پرۆژانە:
1- دروستکردنی گۆڕستانێکی تایبەت بە رووفاتی 171 ئەنفالکراو لە زێدی خۆیان بە بڕی زیاتر لە 175 ملیۆن دینار.
2- زیاتر لە 102 ملیۆن دینار بۆ چاککردنی گۆڕستانی ئەنفالکراوان کە بریتییە لە 840 گۆڕی شەهیدانی ئەنفال.
3- زیاتر لە 186 ملیۆن دینار بۆ نۆژەنکردنەوەی باڵەخانەی مۆنیۆمێنتی ئەنفالکراوان لە چەمچەماڵ/بانی مەقان.
4- نزیکەی 95 ملیۆن دینار بۆ لێدانی بیرێکی ئیرتیوازی بۆ مۆنیۆمێنتی ئەنفالکراوان لە چەمچەماڵ.
عادل مەلا ساڵح دەڵێت، بەڵێن دووپات دەکەنەوە کە پێشمەرگەئاسا بەردەوام دەبن لە گەیاندنی باشترین جۆری خزمەتگوزاریی پەروەردەیی و تەندروستی بۆ کەسوکاری شەهیدان.
rudaw -
