ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان دانپێدانانی باندێکی تیرۆریستی بڵاو کردەوە

ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان دانپێدانانی باندێکی تیرۆریستی بڵاو کردەوە
ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، ڤیدیۆی دانپێدانانی باندێکی تیرۆریستی سه‌ر به‌ داعش بڵاوکردەوە کە بەنیازبوون چەند کردەوەیەکی تیرۆریستی لە هەولێر ئەنجام بدەن.

بەپێی راگەیاندراوێکی ئەنجوومەنى ئاسایشى هەرێمى کوردستان کە تێیدا هاتووە: "لە هەوڵە بەردەوامەکانى دەزگاکانى ئەنجوومەنى ئاسایشى هەرێمى کوردستان بۆ پووچەڵکردنەوەى پیلانى تیرۆریستان دژى کوردستان، زانیاریی دروست بە دەست هات کە (حجى عبداللە - خەلیفەى گرووپى تیرۆریستیی داعش) فەرمانى داوە بە هەریەك لە (حارپ - والى شمال / کوردستان) و (أبو ولید - ئەمیرى ئەمنى ولایەتى شمال) بۆ ئەنجامدانى کردەوەى تیرۆریستى، راستەوخۆ تیرۆریستانى شانەکە ئاشکرا کران و لە ئۆپراسیۆنێکى سەرکەوتوو توانرا تەواوى تیرۆریستەکانى شانەکە دەستگیر بکرێن".

ئاماژە بەوەش دراوە، "لە ئەنجامى لێکۆڵینەوە دەرکەوت تیرۆریستەکان بەنیازبوون لەڕێگاى (بۆمبى چێنراو - عبوە) و (دەمانچەى بێ دەنگ - کاتم صوت) کردەوەکان ئەنجام بدەن و لە سەرەتاى مانگى (2/2021) دوو ئەندامى گرووپەکەیان سەرەتا نەتوانراوە راستەوخۆ داخلى کوردستان بن بۆیە بە قاچاخ لە سووریاوە گواستراونەتەوە بۆ تورکیا پاشان بۆ ئێران و لەوێشەوە بۆ شارۆچکەى رانیە و پاشان گەیشتوونەتە شارى هەولێر".







باسنيوز


Top