سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق دەکات
لە دیدارەکەدا کە ڕۆب واڵەر کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر ئامادەی بوو، گفتوگۆ دەربارەی دوایین پێشهاتەکانی عێراق و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کرا.
باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق، تیشکی خستە سەر دایەلۆگی ستراتیجیی ئەمەریکا و عێراق و ئاماژەی بەوەدا کە لە چوارچێوەی هێزەکانی هاوپەیمانان، ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی سوپای عێراق و پێشمەرگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش.
باڵیۆزی ئەمەریکا ستایشی چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد، بەتایبەتی هەنگاوەکانی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە.
سەرۆکی حکومەت، سوپاسی هەوڵ و پشتیوانیی باڵیۆزی ئەمەریکای کرد لە پەسەندکردنی یاسای بودجەی فیدراڵی و پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی بە جێبەجێکردنی یاسای بودجە دووپات کردەوە و داواشی کرد حکومەتی فیدراڵی، ئەرکەکانی خۆی لە بەرامبەر هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی یاسای بودجەدا جێبەجێ بکات.
باسنيوز
