لە مانگی رەمەزاندا مزگەوتەکان دەکرێنەوە

لە مانگی رەمەزاندا مزگەوتەکان دەکرێنەوە
وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا بڕیاری ئەوە دراوە کە لە مانگی رەمەزاندا مزگەوتەکان بکرێنەوە.

رۆژی یەکشەممە 11-04-2021 لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستانیش دوای کۆبوونەوەکە راگەیێندراوێکی 13 خاڵی بڵاوکردەوە.

نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان راگەیاند "لیژنەکانمان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، پارێزگاکانی [هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە و دهۆک] و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین چاودێریی بینینی مانگ دەکەن و کەسانی پسپۆڕ و شارەزا لەنێو لیژنەکاندا هەن. لە وەزارەتی ئەوقافیش لیژنەیەکی باڵا هەیە و بڕیار لەبارەی یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان دەدەن."

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان دەشڵێت "ئەگەر ئەمڕۆ بە بەڵگەوە مانگ لە ئاسمانی هەرێمی کوردستان بینرا ئەوا بێگومان بەیانی [دووشەممە 12-04-2021] یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانە و ئەگەر نەشبینرا ئەوا دەبێتە تەواوکەری مانگی شەعبان."

وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە کردنەوەی مزگەوتەکان دەڵێت، "دوای کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا بڕیاردرا بە کردنەوەی دەرگای مزگەوتەکان و سەرجەم شوێنە ئایینییەکان." لە مانگی رەمەزانیش بەپێی ئەم رێنوێنییانە دەرگای مزگەوتەکان دەکرێنەوە:




1. نوێژی عیشا و تەراویح لە 35 خولەک زیاتر ناخایەنێت.
2. هیچ جۆرە خواردن و خواردنەوەیێک بۆ بەربانگ لەناوەوە و دەرەوەی مزگەوت پێشکێش ناکرێت و قەدەخەیە.
3. دەستنوێژ لە ماڵەوە بگیرێت.
4. نوێژخوێن بە دەمامک و بەرماڵی تایبەتیی خۆیەوە دەچێتە ناو مزگەوت و پارێزگاری دووری نێوانیان بکات.
5. مامۆستای ئایینی خۆی پابەندی تەواو بە دەنگ بەرزکەرەوەکان دەکات و بە دەمامک و بەرماڵی تایبەت بە خۆیەوە دەچێتە نێو مزگەوت.
6. تەوقەکردن بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە.
7. لەبەر دەرگای هۆڵی نێژخوێنان تەنها دوو کەس دەبێت و ئامادەبێت لە یەکێک لەم چینانەی کە ئاماژەی پێکراوە (خۆبەخش یان فەرمانبەری حکومەت و یان فەرمانبەری سەر بە وەزارەت [خادم] یاخود بە هاوکاری دەزگای دیکەی پەیوەندیدار) بەمەبەستی دابەشکردنی دەماک و تەعقیمکردنی دەستی نوێژخوێنان.
8. هۆڵی ژنان دابخرێت.
9. مامۆستای ئایینی لە هەموو فەرزەکاندا، لە وتاردا هۆشیاری و رێنوێنی بدات بە نوێژخوێنان و جۆرێک لێپرسینەوە بکات لە وانەی پابەند نابن.
10. هەوڵبدرێت رایەخەکانی ناو مزگەوت هەڵبگیرێت.
12. وتاری هەیینی و نوێژی هەینی لەنیو کاژێر زیاتر ناخایێنێت.
13. بەشی پشکنین چاودێری مزگەوتەکان بکات و ئەو مزگەوتەی پابەند نەبوو بە رێنوێنییەکان دابخرێت.
rudaw -
Top